Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

نێچیرڤان بارزانى و حەلبووسى دۆخى عێراق تاوتوێ دەکەن

2019-09-19T08:21:02.000000Z
هه‌واڵ

بەڕێزان نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان و محەمەد ئەلحەلبووسى، سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، دۆخى سیاسى و ئەمنیى عێراقیان تاوتوێ کرد و جەختیان لە پاراستنى ئارامیى سیاسى و سەقامگیریى ئەمنیى عێراق و گرنگیى بەردەوامیى دیالۆگى هەولێر ـ بەغدا بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان لە چوارچێوەى دەستوورى عێراقدا کردەوە.

لە کۆبوونەوەیەکدا نیوەڕۆى ئەمڕۆ پێنجشەممە 19/9/2019 لە هەولێر، هەردوولا کارى پەرلەمانى و یاسادانان و بابەتى بودجەى گشتیى ساڵى داهاتووى عێراق و پرۆسەى ئاوەدانکردنەوەى شوێنە زیانبەرکەوتووەکانى شەڕى تیرۆریان خستە باس و تیشکیان خسته‌ سەر دۆخى ئاوارە عێراقییەکان لە کەمپەکانی هەرێمى کوردستان و داهاتوویان و چۆنیەتیى گەڕانەوەیان بۆ شوێنەکانیان.

پەیوەندییەکانى عێراق لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکە و جیهان و پێشهاتە سیاسى و ئەمنییەکان و دۆخى ناوچەکە بەگشتى، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى و سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بوو.