Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

دوو منداڵى ونبووى ئێزدى له‌گه‌ڵ شاندى هه‌رێم له‌ توركيا ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌

2020-09-04T13:10:17.000000Z
هه‌واڵ

دواى چه‌ندين ساڵى دابڕان له‌ خێزان و كه‌سوكاريان، ئه‌مڕۆ هه‌ينى 4/9/2020 دوو منداڵى ئێزدى كه‌ خوشك و بران و داعش ڕفاندبوونى، له‌گه‌ڵ شاندى ياوه‌رى به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ سه‌ره‌دانه‌كه‌ياندا بۆ ئه‌نقه‌ره‌، گه‌ڕێنرانه‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان و له فڕۆكه‌ى نێوده‌وڵه‌تيى هه‌ولێر ڕاده‌ستى كه‌سوكاريان كراوه‌نه‌وه‌.

نووسينگه‌ى ڕزگاركردنى ڕفێنراوانى ئێزديى سه‌ر به‌ نووسينگه‌ى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، ماوه‌ى زياتر له‌ سێ ساڵه‌ كار له‌سه‌ر كه‌يسى ئه‌م دوو منداڵه‌ ئێزدييه‌ ده‌كات و دواى هه‌وڵێكى زۆر و به‌ هاوكاريى خێرخوازان و لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌كانى حكوومه‌تى توركيا، توانرا بدۆزرێنه‌وه‌ و دواى ته‌واوكردنى ڕێكاره‌ ياساييه‌كان، بگه‌ڕێنرێنه‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان.

سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان و نووسينگه‌ى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، سوپاسى هه‌وڵ و ماندووبوونى هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌كات كه‌ له‌م كه‌يسه‌دا هاوكار بوون، هه‌روه‌ها سوپاسى لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌كانى حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و توركيا ده‌كات كه‌ يارمه‌تيده‌ر بوون له‌ ڕاييكردنى مامه‌ڵه‌ فه‌رمييه‌كان و زوو به‌ڕێكردنى ڕێكاره‌كان به‌ شێوه‌يه‌ك كه‌ ئه‌مڕۆ توانرا بگه‌ڕێنرێنه‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان.