Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ به‌ڕێز شێخ خەمیس خەنجەر کۆبووەوە

2025-01-13T20:10:00.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی ناوخۆیی

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2025/1/13 له‌ به‌غدا به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ به‌ڕێز شێخ خەمیس خەنجەر، سه‌رۆکی هاوپه‌یمانیی سیاده‌، کۆبووەوە.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، گرنگيی بەهێزکردنی هاوبەشيی نیشتمانییان لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراقدا تاوتوێ کرد، هه‌روه‌ها جەختيان لەسەر پێویستيی پاراستنی مافی هەمووان و دەستەبەرکردنی بەشدارییان لە ژیانی سیاسی و بەڕێوەبردنی وڵاتدا كرده‌وه‌.

هەردوولا بیروڕایان ده‌رباره‌ی ئاستەنگە هەنووکەییيەکانی بەردەم عێراق گۆڕییه‌وه‌، هەروەها گرنگيی بەهێزکردنی دیالۆگيان لەنێوان لایەنە جیاوازەکاندا بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان و بەدیهێنانی سەقامگیری و گەشەپێدان، به‌ پێويست زانى.

دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ و کاریگەرییان لەسەر عێراق و گرنگيی هەماهەنگيی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارييه‌كان، لايه‌نێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.