Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە هادی عامری دەکات

2025-02-26T06:15:00.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی ناوخۆیی

بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 2025/2/26 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز هادی عامری، ئه‌مینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر کرد.

لە دیدارێکدا باسیان لە دوایین پێشهاتە سیاسییەکان و ڕەوشی گشتیی وڵات کرد، هەروەها پرسە هاوبەشەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانیان بە جۆرێک کە بەرژەوەندیی نیشتمانی دەستەبەر بکات، خسته‌ به‌ر باس.

هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی دیالۆگ و لێکگەیشتن لەنێوان هەموو لایەنە عێراقییەکاندا و کاری هاوبەش بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی وڵات و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بە ڕۆحی هاوکاری و هاوبەشیی نیشتمانی کردەوە. هەروەها هەردوولا باسیان لە دۆخی وڵات و گرنگیی پارێزگاریکردن لە یەکڕیزیی نیشتمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ناوچه‌یی و نێودەوڵەتییەکان کرد.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی گرنگیدانی هەرێمی کوردستانی بۆ بەردەوامیی هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ هەموو هێزە نیشتمانییەکان لە عێراق دووپات کردەوە، هەروەها جەختی لەسەر گرنگیی پشتگیریکردنی هەوڵەکانی حکوومەتی فیدراڵ کرد لە بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری و بەهێزکردنی هاوبەشیی نیشتمانی کە لە بەرژەوەندیی ته‌واوی وڵاتدایه‌.