Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆکی دیوان لە ڕێوڕەسمی دەرچوونی پۆلێکی قوتابیانی قوتابخانەی نێودەوڵەتیی ( مەعاریف)دا بەشدار بوو

2025-05-22T19:43:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025/5/22 لە هەولێر، بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و شاندێکی سەرۆکایەتی، کە لە بەڕێزان فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆک بۆ کاروباری دەرەوە و ژمارەیەک لە بەرپرس و ڕاوێژکاران پێکهاتبوو، بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی دەرچوونی پۆلێکی قوتابیانی قوتابخانەی نێودەوڵەتیی (مەعاریف)دا کرد کە لەلایەن کارگێڕیی قوتابخانەکەوە ڕێکخرا بوو.

لە ڕێوڕەسمەکەدا کە وێڕای ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئیداری و کەسایەتیی سیاسیی ناوخۆ و کەسوکاری دەرچووان، بەڕێز ئەرمان تۆپچو کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، بەڕێز سەرۆکی دیوان بە نوێنەرایەتیی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، پیرۆزبایی لە دەرچووان و ستافی بەڕێوەبردن و مامۆستایانی قوتابخانەکە کرد و هیوای سەرکەوتن و پێشڤەچوونی لە خوێندن و ڕەوتی زانست و پەروەردەییدا، بۆ خواستن.

بەڕێوەبەری گشتیی قوتابخانەکانی (مەعاریف) لە عێراق، سوپاسی بەشداریی شاندی باڵای سەرۆکایەتی لە ڕێوڕەسمەکەیاندا کرد و پشتیوانی و هاریکاریی دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستانی لە سەرخستنی کارەکانیاندا، بە گرنگ و کاریگەر لە قەڵەم دا.