Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆکی دیوان لە ڕێوڕەسمی (ڕۆژی کۆماری)ی هیندستان ـدا بەشدار بوو

2026-01-26T19:36:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 2026/1/26 لە هەولێر، بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و شاندێکی سەرۆکایەتی، کە لە ژمارەیەک لە بەرپرس و ڕاوێژکاران پێکهاتبوو، لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی (ڕۆژی کۆماری)، کە لەلایەن کونسوڵخانەی گشتیی هیندستان ـەوە لە هەرێمی کوردستان ڕێکخرا بوو، بەشدار بوون.

لە ڕێوڕەسمەکەدا کە وێڕای کەسایەتیی سیاسی، بەرپرسانی ئیداری، میوانانی ناوخۆ و دیپلۆماتکار و نوێنەری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان، بەڕێز سومین باگشی، باڵیۆزی هیندستان لە عێراق ئامادەی بوو، بەڕێز سەرۆکی دیوان بە ناوی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ـەوە، پیرۆزباییی یادەکەی لە بەڕێزان باڵیۆز و کونسوڵی گشتی و ستافی کونسوڵخانەی گشتیی هیندستان لە هەرێمی کوردستان کرد و جەختی لە بەردەوامیی پەیوەندییەکان و هاریکاریی هاوبەش لە نێوان هەرێمی کوردستان و هیندستاندا، کردەوە.

بەڕێزان سومین باگشی، باڵیۆزی هیندستان لە عێراق و بریجێش کومار، کونسوڵی گشتیی هیندستان لە هەرێمی کوردستان، سوپاسی بەشداربوونی هەمووانیان لە ڕێوڕەسمەکەدا کرد و وێڕای ئاماژەدان بە کاریگەریی پێگەی هەرێمی کوردستان، خواستی فراوانکردنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە تێکڕای کایە جیاجیاکاندا نیشان دا.

(ڕۆژی کۆماری) ـی هیندستان، یەکێکە لە سێ گرنگترین ڕۆژە نیشتمانییەکانی ئەو وڵاتە، تیایدا دەستووری هیندستان کە لەسەر بنەمای پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکهاتەکانی نووسراوە، پەسەند کرا.