Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆکی دیوان لەگەڵ کۆنگرێسمان واڵتز کۆبووەوە

2024-09-23T17:29:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئەمڕۆ دووشەممە 2024/9/23 لە پەراوێزی بەشداریکردنی شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە نیویۆرک، بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەڕێز مایکل واڵتز ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا و هاوسەرۆکی گروپی دۆستایەتیی کوردی ـ ئەمەریکی، کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە بەڕێزان نیاز ساڵح بەرپرسی کاروباری دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆکایەتی و تریفە عەزیز نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتۆن، ئامادەی بوون، بەڕێز سەرۆکی دیوان وێڕای شیکردنەوەی دۆخی ناوخۆ و ڕەوشی گشتیی ناوچەکە، ئاستەنگ و هەڕەشەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی و ئەمنیی لە ناوچەکەدا، خستەڕوو. سوپاسی کۆنگرێسی ئەمەریکایشی کرد بۆ پشتگیریکردن و پاڵپشتییە بەردەوامەکانی لە هەرێمی کوردستان.

لای خۆیەوە کۆنگرێسمان واڵتز، لە گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی لە ناوچەکەدا دوا و ئامادەیی خۆی و گروپی دۆستایەتیی (کوردی ـ ئەمەریکی)یشی بۆ بەردەوامیدان بە پشتیوانییەکانیان لە هەرێمی کوردستان، دووپات کردەوە.