ئەمڕۆ پێنجشەممە 2024/9/26 لە نیوویۆرک، بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ خاتوو ئان کلێر ڕاوێژکاری سەرۆک ماکرۆن بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، وێڕای هەڵسەنگاندنی ڕەوشی ناوخۆ و پێشهاتەکانی ناوچەکە بەگشتی، باس لە پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا کرا و جەخت لە بەردەوامی و پێشخستنیان لە بوارە جیاجیاکاندا، کرایەوە.
کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەولێر ـ بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، تەوەری دیکەی گفتوگۆکان بوون، تیایدا بیروڕا لەبارەیانەوە ئاڵوگۆڕ کرا. سەبارەت بە هەڵبژاردن، هەردوولا لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەیەکی ئارام لە کەشێکی سەقامگیردا، هاوڕا بوون.
جێی وەبیرهێنانەوەیە، لە چوارچێوەی شاندی دەوڵەتی عێراق بۆ کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە نیوویۆرک بەڕێوە چوون، شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بەڕێز سەرۆکی دیوان و یاوەریی هەریەک لە بەڕێزان نیاز ساڵح بەرپرسی کاروباری دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و تریفە عەزیز نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتۆن، لە کۆبوونەوەکاندا بەشدار بوو.