ڕۆژی سێشەممە 2024/9/24 لە نیویۆرک، فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ یێنس پلوتنەر ڕاوێژکاری کاروباری سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە بەڕێزان نیاز ساڵح بەرپرسی کاروباری دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و تریفە عەزیز نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتۆن، ئامادەی بوون، پەیوەندی و هەماهەنگیی هاوبەشی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا، هەروەها چۆنییەتی پەرەپێدان و فراوانکردنیان، تاوتوێ کران.
هەڵسەنگاندنی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو، سەرۆکی دیوان سوپاسی ڕۆڵی ئەڵمانیای لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعشدا کرد و ئامادەیی ئەو وڵاتەی لە سەرخستنی ئەرکەکانی هاوپەیمانییەکەدا، بەرز نرخاند.
لای خۆیەوە بەڕێز پلوتنەر، گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستانی لە ناوچەکەدا دووپات کردەوە، جەختیشی لە پێویستیی بەردەوامی هاریکاری هاوبەش لەنێوان هەردوولادا، کردەوە.