
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025/8/21 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ئەندریا ناسی، باڵیۆزی نەمسا لە عێراق کرد.
لە گفتوگۆکانی دیدارێکدا کە بەڕێزان فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆک بۆ کاروباری دەرەوە و نیاز ساڵح، سەرۆکی فەرمانگەی کاروباری دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆکایەتی، ئامادەی بوون، دۆسیەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و نەمسا، پرسە سیاسییەکانی عێراق و پەرەسەندنەکان لە ناوچەکەدا، تاوتوێ کران.
سەبارەت بە پەیوەندییەکان، وێڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی بەردەوامبوونیان، چۆنیەتیی پەرەپێدانیان لە کایە جیاجیاکاندا و فراوانکردنی چوارچێوەی هەماهەنگی و هاریکاریی لەنێوان هەردوولادا، خرایە بەر باس، لەمبارەیەوە بەڕێز ناسی، لە ڕوانگەی وڵاتەکەی سەبارەت بە هەرێمی کوردستان دوا و پێگەی هەرێمەکەی لە عێراقدا بە کاریگەر و لە ناوچەکەشدا وەک فاکتەری سەقامگیری، لە قەڵەم دا.
لە تەوەری ناوخۆییدا، باس لە پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا، تیایدا بەڕێز سەرۆکی دیوان، ئەنجامی دانوستاندنی لایەنەکان و هەوڵ و هەنگاوەکانی سەرۆکایەتیی بەمەبەستی سەرخستن و خێراکردنی پرۆسەکە، خستەڕوو.
کێشە هەڵواسراوەکانی هەولێر ـ بەغدا، هەڵبژاردنی چاوەڕوانکراوی ئەنجوومەنی نوێنەران لە عێراق و ڕەوشی گشتیی ناوچەکە و ڕووداوەکانی، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوون کە وێڕای باسکردنیان، بیروڕا لە بارەیانەوە ئاڵوگۆڕ کرا.

