ڕۆژی پێنجەشەممە 2024/9/26، لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە نیوویۆرک، بەڕێز فەوزی هەریری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەڕێز ستیڤن هیکی، بەرپرسی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریکا لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا خرانە بەر باس، تیایدا جەخت لە گرنگیی بەردەوامیی پەیوەندییەکان کرایەوە و بیروڕا لەسەر چۆنیەتیی زیاتر پەرەپێدان و فراوانترکردنیان، ئاڵوگۆڕ کرا.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، باس لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئامادەکارییەکانی کرا، لەمبارەیەوە، گرنگیی هەڵبژاردنەکە بۆ ڕێکخستنەوەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، هەروەها بەڕێوەچوونی پرۆسەکە لە کەشێکی ئازاد و سەقامگیردا، دووپات کرانەوە.
پەیوەندییەکانی هەولێر ـ بەغدا و پەرەسەندنەکانی، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو، هەردوولا لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکان بەپێی دەستوور، هاوڕا بوون.
بەڕێزان نیاز ساڵح بەرپرسی کاروباری دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و تریفە عەزیز نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتۆن، ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.