
ئەمڕۆ دووشەممە 2025/7/21 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە خاتوو کیارا فرانچینی، جێگری باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق، کرد.
لە دیدارێکدا، بە گرنگییەوە باس لە پەیوەندییە هەمەلایەنەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا و چۆنیەتیی فراوانکردنیان لە کایە جیاجیاکاندا کرا، لەوڕووەوە، خاتوو فرانچینی بە بایەخەوە لە پێگەی هەرێمی کوردستان لە عێراق و ناوچەکەدا دوا و خواستی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامیی پەیوەندی و هاریکاریی هاوبەش لەنێوان هەردوولادا، نیشان دا.
لە تەوەری ناوچەییدا، ڕەوشی گشتی و پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە خرانە ڕوو، تیایدا وێڕای هەڵسەنگاندنی لێکەوتەی ڕووداوەکان بەسەر ناوچەکەوە، جەخت لە هەوڵدان بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان بە گفتوگۆ، کرایەوە.
دۆخی عێراق و پەیوەندییەکانی هەولێر ـ بەغدا، بەتایبەتی کێشە هەنووکەییەکانی وزە و دارایی، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو، هەردوولا لەسەر پێویستیی بەردەوامیی دانوستاندنەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و یەکلاکردنەوەی کێشەکان بە لێکگەیشتن، هاوڕا بوون.
داعش و مەترسییەکانی تیرۆر لە ناوچەکە بەگشتی، هەروەها پتەوترکردنی هاریکاریی هاوبەش و هەماهەنگییە سەربازییەکان لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو کە بەڕێزان کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە بەرپرس و ڕاوێژکارانی سەرۆکایەتی، ئامادەی بوون.
