ئەمڕۆ سێشەممە 2026/2/3 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ئالبرێشت فۆن ڤيتكه، كونسوڵى گشتیی ئهڵمانيا لە هەرێمی کوردستان، کرد.
لە دیدارێکدا کە بەڕێز نیاز ساڵح، سەرۆکی فەرمانگەی کاروباری دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆکایەتی، ئامادەی بوو، پەیوەندییەکان و کایەکانی هەماهەنگی و هاریکاری خرانە بەر باس. بەڕێز سەرۆکی دیوان سوپاسی پەرلەمان و حکوومەتی ئەڵمانیای کرد، کە ماوەی ئەرکی هێزی سەربازیی وڵاتەکەیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ساڵێکی دیکە درێژ کردەوە، لای خۆیەوە بەڕێز ڤیتکە، خواستی وڵاتەکەی بۆ فراوانکردنی هاریکاریی هاوبەش لە کایە جیاجیاکاندا و هەروەها پشتگیریی بۆ هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە، دووپات کردەوە.
لە تەوەری ناوخۆدا، وێڕای خستنەڕووی دوا هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان لە پرۆسەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتدا، جەخت لە پێویستیی بەزوویی سەرخستنی پرۆسەکە لەپێناو تێپەڕاندنی قۆناغەکەدا، کرایەوە.
سەبارەت بە ڕەوشی سیاسی لە عێراق، باس لە ئەنجامی دیدار و دانوستاندنی نێوان لایەن و قەوارەکان کرا و هەردوولا لەسەر گرنگیی بەردەوامیی گفتوگۆکان بۆ گەیشتن بە سازانێکی نیشتمانی بە ئاراستەی تەواوکردنی هەنگاوە دەستوورییەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکوومەت، هاوڕا بوون.
هەڵسەنگاندنی ڕەوشی گشتیی هەرێمی، بە تایبەتی لە سووریا، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو، تیایدا بیروڕا سەبارەت بە ڕووداو و گۆڕانکارییەکان و لێکەوتەکانیان، ئاڵوگۆڕ کرا.