
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025/7/10 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ئالبرێشت فۆن ڤيتكه، كونسوڵى گشتیی ئهڵمانيا لە هەرێمی کوردستان، و شاندێکی یاوەری، کرد.
لە دیدارێکدا کە بەڕێزان فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆک بۆ کاروباری دەرەوە و نیاز ساڵح، بەرپرسی کاروباری دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆکایەتی ئامادەی بوون، وێڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا و خستنەڕووی پێشڤەچوونەکانیان لە کار و کایە هاوبەشەکاندا، بیروڕا سەبارەت بە فراوانکردن و پەرەپێدانیان لە کایە جیاجیاکاندا، ئاڵوگۆڕ کرا.
کێشە هەڵواسراوەکانی هەولێر ـ بەغدا، بەتایبەتی کێشەکانی هەناردەکردنەوەی نەوت و بودجەی هەرێمی کوردستان، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو، لەمبارەیەوە، بەردەوامیی دانوستاندنەکان لەپێناو دۆزینەوەی لێکگەیشتنێکی هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، دووپات کرایەوە.
هەڵسەنگاندنی ڕەوشی گشتیی ناوچەکە و پەرەسەندنەکانی، هەروەها هەوڵ و هەنگاوە هەنووکەیییەکان بۆ هێورکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو.

