Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆکی دیوان و کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا ڕەوشی ناوخۆ و دۆخی گشتییان تاوتوێ کرد

2025-12-23T13:10:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئەمڕۆ سێشەممە 2025/12/23 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ئالبرێشت فۆن ڤيتكه،‌ كونسوڵى گشتیی ئه‌ڵمانيا لە هەرێمی کوردستان، کرد.

لە دیدارێکدا کە بەڕێز نیاز ساڵح، سەرۆکی فەرمانگەی کاروباری دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆکایەتی، ئامادەی بوو، جەخت لە بەردەوامیی پەیوەندییەکان و پەرەپێدانی هاریکاریی هاوبەش لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیادا کرایەوە و هەروەها دۆخی ناوخۆ و ڕەوشی گشتیی عێراق و ناوچەکەشیان، تاوتوێ کرد.

لە تەوەری ناوخۆدا، پرۆسەی بەگەڕخستنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێ خرایە بەر باس، تیایدا بەڕێز سەرۆکی دیوان وێڕای خستنەڕووی ئەنجامی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان، هەوڵ و هەنگاوەکانی سەرۆکایەتیی کە بە ئاراستەی سەرخستن و خێراکردنی پرۆسەکەن، ڕوون کردەوە.

سەبارەت بە پرۆسەی سیاسی لە عێراق، وێڕای ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا لەسەر دۆخی گشتیی دوای هەڵبژاردن، تیشک خرایە سەر ئاراستەی گفتوگۆ و دانوستاندنەکان لەسەر هەردوو ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ گرێدانی کۆبوونەوەی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەران و هەنگاوە دەستوورییەکانی دواتر کە تایبەتن بە پێکهێنانی دەسەڵاتەکان، لەمبارەیەوە، پێویستیی یەکڕیزیی سیاسی لەپێناو لێکگەیشتنی هاوبەش بۆ تێپەڕاندنی قۆناغەکە، دووپات کرایەوە.