ئەمڕۆ دووشەممە 2026/3/2 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز تۆماسۆ سانسۆنی، کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان، کرد.
لە دیدارێکدا، کە بەڕێز نیاز ساڵح سەرۆکی فەرمانگەی کاروباری دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆکایەتی، ئامادەی بوو، جەخت لە گرنگیی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا و پتەوکردنی هەماهەنگی و هاریکاریی هاوبەشیان، کرایەوە.
لە تەوەری هەرێمی و پەرەسەندنەکانیدا، وێڕای هەڵسەنگاندنی دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە و لێکەوتە جیاجیاکانی، هەردوولا نیگەرانییان لە بەردەوامیی شەڕ و پێکدادانە سەربازییەکان نیشان دا و خواستی هێوربوونەوە و چارەسەرکردنی کێشەکانیان بە گفتوگۆ و لێکگەیشتن، دووپات کردەوە.