
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025/5/29 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ئەندرۆ بیزڵی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان، کرد.
لە دیدارێکدا پەرەسەندنەکانی ناوخۆ، بەتایبەتی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و ئەنجامی گفتوگۆی لایەنە سەرەکییەکان باس کرا. سەبارەت بە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و کاریگەرییەکانیان، وێڕای ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا، جەخت لە گرنگیی بەردەوامیی گفتوگۆکان و چارەسەرکردن و یەکلاکردنەوەیان بەپێی دەستوور، کرایەوە.
لە تەوەری هەرێمیدا، ڕەوشی گشتیی ناوچەکە و ئاڵۆزی و قەیرانەکانی خرانە ڕوو، تیایدا لێکەوتەی ڕووداوەکان لەسەر دۆخی ناوچەکە هەڵسەنگێنرا و هێورکردنەوەی گرژییەکان و سنووردارکردنی چێوەی ئاڵۆزییەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستاندنەوە، دووپات کرایەوە.
پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا، هەروەها کارکردن بۆ فراوانکردنی هاریکاری و هەماهەنگیی هەردوولا لەسەر پرس و دۆسیە هاوبەشەکان، بەشێکی دیکەی دیدارەکە بوو کە بەڕێزان فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆک بۆ کاروباری دەرەوە و نیاز ساڵح، بەرپرسی کاروباری دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆکایەتی، ئامادەی بوون.

