
ئەمڕۆ سێشەممە 2025/9/16 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ئەندرۆ بیزڵی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا کە ژمارەیەک لە بەرپرسان لە سەرۆکایەتی ئامادەی بوون، وێڕای خستنەڕووی پەرەسەندنە سیاسییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و هەڵسەنگاندنیان، بیروڕا لەسەر پرس و ڕووداوە هەنووکەیییەکان ئاڵوگۆڕ کرا، لەمبارەیەوە بەڕێز سەرۆکی دیوان، ڕوانگە و هەڵوێستی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی سەبارەت بە تێکڕای پرسەکان، ڕوون کردەوە.
پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا و چۆنیەتیی پەرەپێدانیان لە کایە جیاجیاکاندا، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو، تیایدا جەخت لە گرنگیی بەردەوامیی هاریکاری و هەماهەنگیی زیاتر بۆ سەرخستنی کارەکان لە کایە هاوبەشەکاندا، کرایەوە.
هەر لە دیدارەکەدا، ڕەوشی گشتیی هەرێمی و لێکەوتەی ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی، بەتایبەتی لە ناوچە ئاڵۆزەکاندا هەڵسەنگێنران و پێویستیی هێورکردنەوەی دۆخەکان و یەکلاکردنەوەی ململانێکان بە گفتوگۆ و لێکگەیشتن، دووپات کرایەوە.

