Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆکی دیوان و کونسوڵی گشتیی بەریتانیا پەیوەندی و پەرەسەندنەکانیان تاوتوێ کرد

2025-12-08T11:33:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئەمڕۆ دووشەممە 2025/12/8 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ئەندرۆ بیزڵی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان، کرد.

لە دیدارێکدا کە بەڕێز نیاز ساڵح، سەرۆکی فەرمانگەی کاروباری دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆکایەتی، ئامادەی بوو، وێڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا و پەرەپێدان و فراوانکردنیان لە کایە جیاجیاکاندا، ڕەوشی ناوخۆیی و دۆخی گشتیی ناوچەکە، تاوتوێ کران.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکەدا، پەرەسەندنەکانی عێراق، پەیوەندی و کێشە هەڵواسراوەکانی هەولێرـ بەغدا خرانە ڕوو، لەمبارەیەوە، پێویستیی بەردەوامیی دانوستاندنەکان لەپێناو دۆزینەوەی لێکگەیشتنێکی هاوبەش بۆ یەکلاکردنەوەیان، دووپات کرایەوە.

ڕەوشی گشتیی هەرێمی، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو، تیایدا ڕووداو و گۆڕانکارییەکان هەڵسەنگێنران و بیروڕا سەبارەت بە لێکەوتەکانیان بەسەر ناوچەکەوە، ئاڵوگۆڕ کرا.