Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆکی دیوان و کونسوڵی گشتیی تورکیا جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کردەوە

2026-01-06T12:05:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئەمڕۆ سێشەممە 2026/1/6 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ئەرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، کرد.

لە دیدارێکدا کە ژمارەیەک لە بەرپرس و ڕاوێژکارانی هەردوولا ئامادەی بوون، بە بایەخەوە باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ تورکیا کرا و جەخت لە پەرەپێدانیان و هەروەها فراوانکردنی هاریکاریی هاوبەش لە کایە جیاجیاکان، بەتایبەتی لە کایەکانی ئابووری و بارزگانیدا، کرایەوە.

لە تەوەری ناوخۆدا، پەرەسەندنەکانی پرۆسەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت خرانە ڕوو، لەمبارەیەوە بەڕێز سەرۆکی دیوان باسی لە بەردەوامیی دانوستاندنی نێوان لایەنە سیاسییەکان کرد و هەوڵەکانی سەرۆکایەتیشی لەپێناو سەرخستنی پرۆسەکەدا، ڕوون کردەوە.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، دۆخی سیاسیی عێراق لە دوای هەڵبژاردنەوە هەڵسەنگێنرا، تیایدا وێڕای تاوتوێکردنی دانیشتنی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەران و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنەکە، بیروڕا سەبارەت بە هەنگاوە دەستوورییەکانی داهاتوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکوومەت، ئاڵوگۆڕ کرا.

دۆخی هەرێمی و ڕووداوە جیهانییەکان و کاریگەرییەکانیان بەسەر ڕەوشی گشتیی ناوچەکەوە، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو.