Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆکی دیوان و شاندێکی ڕێکخراوی (NPA) دۆخی مرۆییان لە ناوچەکەدا تاوتوێ کرد

2025-09-11T11:52:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025/9/11 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی ڕێکخراوی هاریکاریی گەلی نەرویج (NPA)، بە سەرۆکایەتیی بەڕێز ڕونی کریستیان، بەڕێوبەری بەشی نێودەوڵەتیی ڕێکخراوەکە و ئەندامێتیی هەریەک لە بەڕێوبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرپرسی جێبەجێکاری ڕێکخراوەکە لە عێراق، کرد.

لە گفتوگۆکانی دیدارێکدا کە بەڕێز فەلاح مستەفا یاریدەدەری سەرۆک بۆ کاروباری دەرەوە ئامادەی بوو، شاندی ڕێکخراوی (NPA) وێڕای خستنەڕووی کار و چالاکییەکانیان لە عێراق و ناوچەکەدا، پلانی فراوانکردنی هاریکارییە مرۆییەکانی ڕێکخراوەکەیانیان لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی لە سووریا و عێراق، ڕوون کردەوە.

بەڕێز سەرۆکی دیوان بە پێزانینەوە باسی لە ئەرک و چالاکییەکانی ڕێکخراوی (NPA) لە ناوچەکەدا کرد و ئامادەییی هەموو پشتیوانی و هاوکارییەکی بۆ جێبەجێکردنی کارەکانیان و سەرخستنی پلانەکەیان، نیشان دا.

لای خۆیانەوە سەرۆک و ئەندامانی شاندەکە، سوپاسی هاوکاریی دەزگا پەیوەندیدارەکانیان لە هەرێمی کوردستان کرد و هیوای بەردەوامیی هاریکاریی هاوبەشیان لە نێوان هەردوولادا خواست.

ڕەوشی هەرێمی و لێکەوتەی ڕووداو و ئاڵۆزییەکانی بەسەر دۆخ و ژیانی گشتیی ناوچەکەوە، بەتایبەتی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییە جیاجیاکان، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو، لەمبارەیەوە شاندی ڕێکخراوی (NPA) بە خۆشحاڵییەوە باسیان لە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتەکان کرد و بە نموونەیییان هەڵسەنگاند.