Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆکی دیوان و شاندێکی سەرۆکایەتی لە ڕێوڕەسمی ماڵئاواییی جێگرانی کونسوڵی گشتیی تورکیادا بەشدارییان کرد

2025-08-14T17:46:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025/8/14 لە هەولێر، بەڕێزان فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و د.نووری عوسمان، سەرۆکی نووسینگەی سەرۆک و ژمارەیەک لە ڕاوێژکار و بەرپرسانی سەرۆکایەتی، لە ڕێوڕەسمێکدا کە لەلایەن کونسوڵخانەی گشتیی تورکیاوە لە هەرێمی کوردستان بۆ ماڵئاواییی بەڕێزان ئەمیر بایرام ئۆغڵو و عەلی بەرسلان ئەسلان قایا، جێگرانی کونسوڵی گشتیی تورکیا ڕێکخرا بوو، بەشدار بوون.

لە ڕێوڕەسمەکەدا کە وێڕای کەسایەتیی سیاسی و بەرپرسانی ئیداری و میوانانی ناوخۆ، ژمارەیەک لە دیپلۆمات و نوێنەری وڵاتانیش لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، شاندی سەرۆکایەتی بە پێزانینەوە باسیان لە کارەکانی هەریەک لە بەڕێزان بایرام ئۆغڵو و ئەسلان قایا کرد کە لەماوەی ڕابردوودا وەک جێگرانی کونسوڵی گشتیی تورکیا، ڕۆڵی گرنگیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا و فراوانکردنی هاریکاریی هاوبەش لە نێوان هەردوولادا، گێڕاوە.

لای خۆیەوە بەڕێز ئەرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، سوپاسی بەشداریی هەمووانی لە ڕێوڕەسمەکەیاندا کرد و جەختی لە گرنگیی پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان، کردەوە.