
ئەمڕۆ سێشەممە 2025/9/30، بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز محەمەد حەبیب ئیدریس، باڵیۆزی غانا لە عێراق و كوێت، كرد.
لە گفتوگۆکانی دیدارێکدا، جەخت لە گرنگیی پەیوەندییەکان و پێویستیی هاوکاری و هەماهەنگیکردن لە کایە هاوبەشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و غانا کرایەوە و بیروڕا سەبارەت بە چۆنیەتیی فراوانکردن و پەرەپێدانیان، بە تایبەتی لەڕووی ئابووری و بازرگانییەوە، ئاڵوگۆڕ کرا.
دۆخی ژیان و کاری ڕەوەندی غانایی لە هەرێمی کوردستان، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو، لەمبارەیەوە بەڕێز باڵیۆزی غانا، سوپاس و پێزانینی وڵاتەکەی ئاراستەی دەزگا پەیوەندیدارەکان لە هەرێمی کوردستان کرد، کە ئاسانکاریی زۆر و ژینگەیەکی لەباریان بۆ کارکردنی هاووڵاتیانیان لە هەرێمەکەدا، دەستەبەر کردووە.