ئەمڕۆ یەکشەممە 2025/11/9 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ئانتی بۆتکۆنێن، باڵیۆزی نوێی کۆماری فینلەندا لە عێراق، کرد.
لە دیدارێکدا کە بەڕێز نیاز ساڵح، سەرۆکی فەرمانگەی کاروباری دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆکایەتی، ئامادەی بوو، بەڕێز سەرۆکی دیوان وێڕای بەخێرهێنانی بەڕێز بۆتکۆنێن و پیرۆزباییکردن لە دەستبەکاربوونی وەک باڵیۆزی وڵاتەکەی لە عێراق، هەموو پشتیوانییەکی سەرۆکایەتیی بۆ هاوکاریکردنی لە سەرخستنی ئەرکەکەیدا، نیشان دا.
لای خۆیەوە بەڕێز ئانتی بۆتکۆنێن، خۆشحاڵیی بە ئەرکەکەی لە عێراق دەربڕی و خواستی وڵاتەکەی بۆ پتەوترکردنی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی کایەکانی هاریکاریی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا، بەتایبەتی لەڕووی پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووری و وەبەرهێنان، کردەوە.