Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆکی دیوان پێشوازیی لە کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا کرد

2025-05-12T13:56:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئەمڕۆ دووشەممە 2025/5/12 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ئالبرێشت فۆن ڤيتكه،‌ كونسوڵى گشتیی ئه‌ڵمانيا لە هەرێمی کوردستان، کرد.

لە دیدارێکدا کە بەڕێز فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆک بۆ کاروباری دەرەوە ئامادەی بوو، پەیوەندییە هەمەلایەنەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا و کارکردن بە ئاراستەی پەرەپێدان و فراوانکردنیان، خرایە بەر باس. بەڕێز سەرۆکی دیوان پیرۆزباییی سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیا و دەستبەکاربوونی ڕاوێژکار و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی لە گەل و سەرکردایەتیی ئەڵمانیا کرد و هیوای بەردەوامیی بۆ هەماهەنگی و کاری هاوبەشی نێوان هەردوولا خواست.

لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکەدا، ڕەوشی گشتیی ناوچەکە و پەرەسەندنەکانی هەڵسەنگێنران و بیروڕا سەبارەت بە ژمارەیەک دۆسیەی جێی بایەخی هاوبەش، ئاڵوگۆڕ کرا.

پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەچوونی دانوستاندنی نێوان لایەنەکان، کێشە هەڵواسراوەکانی هەولێر ـ بەغدا و هەوڵەکان بۆ یەکلاکردنەوەیان، بە تایبەتی دۆسیەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە، چەند تەوەرێکی دیکە بوون کە لە دیدارەکەدا تاوتوێ کران.