ئەمڕۆ دووشەممە 2025/12/22 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز بریجێش کومار، کونسوڵی گشتیی هیندستان لە هەرێمی کوردستان، کرد.
لە دیدارێکدا کە بەڕێز نیاز ساڵح، سەرۆکی فەرمانگەی کاروباری دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆکایەتی، ئامادەی بوو، وێڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و هیندستان، چۆنیەتیی پەرەپێدان و فراوانکردنیان لە کایە جیاجیاکاندا، خرایە بەر باس.
بەڕێز سەرۆکی دیوان بە پێزانینەوە لە هاریکارییەکانی هیندستان لەڕووی پێشکەشکردنی پرۆگرامەکانی ڕاهێنانی پیشەیی و هەروەها ئاسانکارییەکانی کونسوڵخانەی گشتیی هیندستان لە جێبەجێکردنی مامەڵەی پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دوا و خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ کردنەوەی هێڵێکی گەشتی ڕاستەوخۆی ئاسمانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و هیندستاندا، نیشان دا.
لای خۆیەوە بەڕێز کونسوڵی گشتیی هیندستان سوپاسی هاوکاری و هەماهەنگیی بەردەوامی هەرێمی کوردستانی کرد و ئامادەییی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی هاریکاریی هاوبەشی نێوانیان، دووپات کردەوە.