
ئەمڕۆ چوارشەممە 2025/5/28 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بهڕێز باڵیۆز مەحموود فارووق یووسف، کونسوڵی میسر لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا کە بەڕێز فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆک بۆ کاروباری دەرەوە ئامادەی بوو، باس لە پەیوەندییە هەمەلایەنەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و میسر کرا و بیروڕا سەبارەت بە چۆنیەتیی فراوانکردنیان لە کایە جیاجیاکاندا، ئاڵوگۆڕ کرا.
لە تەوەری ناوخۆدا، وێڕای خستنەڕووی پەرەسەندنەکانی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و ئەنجامی دانوستاندنی لایەنەکان، کێشە هەڵواسراوەکانی هەولێر ـ بەغدا، بەتایبەتی کێشەکانی دارایی و وزە خرانە بەر باس، تیایدا چارەسەرکردنیان لە ڕێگەی گفتوگۆوە و یەکلاکردنەوەیان بەپێی دەستوور، دووپات کرایەوە.
ڕەوشی گشتیی ناوچەکە و ڕووداوەکانی و تاوتوێکردنی لێکەوتەکانیان، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو، لەمڕووەوە، هەردوولا لەسەر پێویستیی هێورکردنەوەی دۆخە ئاڵۆزەکان لە ناوچەکەدا و بەرگرتن لە تەشەنەکردنیان، هاوڕا بوون.
