Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆکی دیوان پێشوازیی لە سەرۆکی ڕێکخراوی ئازادیی ئایینیی نێودەوڵەتی کرد

2024-10-23T21:00:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2024/10/24، بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە خاتوو نادین مێنزا سەرۆکی ڕێکخراوی ئازادیی ئایینیی نێودەوڵەتی (IRF)، کرد.

لە دیدارەکەدا کە بەڕێز فەلاح مستەفا یاریدەدەری سەرۆک بۆ کاروباری سیاسەتی دەرەوە ئامادەی بوو، وێڕای خستنەڕووی ڕەوشی ناوخۆ و هەڵسەنگاندنی پێشهاتەکانی ناوچەکە، دۆخی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە ژێر کاریگەریی ڕووداو و ئاڵۆزییەکاندا، تاوتوێ کرا.

بەڕێز سەرۆکی دیوان سەبارەت بە ژیانی پێکەوەیی و بنەمای فرەیی لە هەرێمی کوردستاندا، ڕوانگەی سەرۆک و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی ڕوون کردەوە و قووڵکردنەوەی گیانی پێکەوەیی و پتەوکردنی ژیانی فرەییی نەتەوەیی و ئایینیی، وەک سیاسەتی فەرمی و هەروەها کولتوورێکی کۆمەڵایەتی، دووپات کردەوە.

لای خۆیەوە خاتوو مێنزا، خۆشحاڵیی خۆی بە ڕەوشی ژیان و ئازادییەکان لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و سوپاسی هاوکاری و هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی کرد لە سەرخستنی کار و ئەرکی ڕێکخراوەکەیاندا.