Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات

2026-11-08T15:39:00.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 2026/11/8، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد.

لە دیدارێکدا، پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، چۆنیه‌تیی بره‌ودان به‌ هاریکاریی هاوبەش لە بوارە جیاکاندا بە جۆرێک لە خزمەت بەرژەوەندییە هاوبەشەکاندا بێت، تاوتوێ کران.

هاریکاریی ئەمنی و پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو. تیایدا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی هاریکاری و هەماهەنگیی هاوبەشی نێوان وڵاتانی ناوچەکە کردەوە بۆ پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری، هاوکات پەنابردنە بەر دیالۆگ و ڕێگەچارەی ئاشتییانە و دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ئاڵۆزییەکان.

هەر لە دیدارەکەدا، باسیان لە لێکگەیشتن و ڕێککەوتنە ئەمنییەکانی نێوان عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد، هەروەها ده‌رباره‌ی چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبەش، بیروڕایان گۆڕییه‌وه‌.