
ئەمڕۆ چوارشەممە 2025/7/30 بەڕێز د.نووری عوسمان سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ئەرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، کرد.
لە گفتوگۆکانی دیدارێکدا، وێڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا، چۆنیەتیی فراوانکردنی پەیوەندییەکان و پەرەپێدانی هاریکاریی هاوبەش لەنێوان هەردوولادا، تاوتوێ کرا.
لە تەوەری ناوخۆدا، باس لە پەرەسەندنەکانی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت کرا و کێشە هەڵواسراوەکانی هەولێر ـ بەغدا، بەتایبەتی لێکگەیشتنی ئەم دواییەی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق سەبارەت بە کێشەکانی وزە و دارایی، خرانە بەر باس، تیایدا، پێویستیی بەردەوامیی دانوستاندنەکان لەپێناو چارەسەرکردن و یەکلاییکردنەوەیان بەپێی دەستوور و ڕێککەوتنەکان، دووپات کرایەوە.
دۆخی ناوچەکە بەگشتی و لێکەوتەی ڕووداوەکان بەسەر ناوچەکەوە، هەروەها هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان بە گفتوگۆ و چارەسەرکردنی کێشەکان بە ڕێگەی ئاشتییانە، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو، لەمبارەیەوە، هەوڵ و هەنگاوەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بە ئاراستەی نزیککردنەوەی لایەنە ناکۆکەکان لە یەکتری و سازاندنی زەمینە بۆ هێنانەکایەی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا، بە کاریگەر لە قەڵەم دران.
