
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025/4/17 بەڕێز نووری عوسمان، سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز فوئاد ئەلمەجالی، کونسوڵی گشتیی شانشینی هاشمیی ئوردن لە هەرێمی کوردستان، کرد.
لە دیدارێکدا، وێڕای بیرهێنانەوەی دۆستایەتیی مێژووییی نێوان گەل و سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان و ئوردن، جەخت لە پەیوەندی و هاریکاریی هاوبەش و کارکردن بە ئاراستەی فراوانترکردنیان لە کایە جیاجیاکاندا، کرایەوە.
تاوتوێکردنی ڕەوشی ناوخۆ و پەرەسەندنەکانی، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو، تیایدا بەڕێز سەرۆکی نووسینگە، پێشڤەچوونەکانی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و ئەنجامی دانوستاندنەکان، هەروەها هەوڵەکانی سەرۆکایەتیی لەپێناو سەرخستنی پرۆسەکەدا، ڕوونکردەوە.
هەڵسەنگاندنی ڕەوشی ناوچەکە و ڕووداوەکانی، بیروڕاگۆڕینەوە سەبارەت بە کاریگەرییەکانیان، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو کە بەڕێز نیاز ساڵح، بەرپرسی کاروباری دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆکایەتی، ئامادەی بوو.
