
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 2025/5/25 بەڕێز نووری عوسمان، سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ئەرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا، چەندین تەوەری جیاجیای تایبەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا، هاریکاری و هەماهەنگیی هاوبەشی نێوانیان تاوتوێ کران و بیروڕاش سەبارەت بە چۆنیەتیی پەرەپێدان و فراوانکردنیان، ئاڵوگۆڕ کرا.
هەڵسەنگاندنی ڕەوشی گشتیی ناوچەکە و پەرەسەندنەکانی، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو، هەردوولا لەسەر هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکان و قەیرانە ئەمنییەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستاندنەوە هاوڕا بوون، لەمبارەیەوە، گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی کاریگەری لە ئاراستەکردنی پێشهاتەکاندا، دووپات کرایەوە.