Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

شاندێکی باڵای سەرۆکایەتی لە پرسەی (مار گریگۆریۆس صەلیبا شەمعوون)دا بەشدار بوو

2025-07-22T14:36:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئەمڕۆ سێشەممە 2025/7/22 لە عەنکاوە، بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و شاندێکی سەرۆکایەتی کە لە ژمارەیەک لە بەرپرس و ڕاوێژکاران پێکهاتبوو، بەشدارییان لە پرسەی مار گریگۆریۆس صەلیبا شەمعوون، ڕاوێژکاری پاتریارکیی کەنیسەی سریان ئەرثۆدۆکس و مەترانی پێشووی ئەبرەشییەی کەنیسەی سریان ئەرثۆدۆکس لە کوردستان و موسڵ، کرد.

بەڕێزان سەرۆکی دیوان و شاندی سەرۆکایەتی، سەرەخۆشییان ئاراستەی قەداسەتی پاتریارک و ئەندامانی ئەنجومەنی پاتریارکیی کەنیسەی سریان ئەرثۆدۆکس و قەشە و پیاوانی ئایینی و تەواوی شوێنکەوتووانی کەنیسەکە کرد و هاوخەمییان پێڕاگەیاندن.

لای خۆیەوە قەداسەتی پاتریارک مار ئەغناتیۆس ئەفرامی دووەم، باتریارکی کەنیسەی سریان ئەرثۆدۆکس، سوپاسی بەشداریی شاندی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی لە پرسەکەیاندا کرد و جەختی لە پتەویی بنەماکانی ئاشتی و پێکەوەژیان و لێبووردەیی لە هەرێمی کوردستان کردەوە و هەرێمەکەی بە نموونەیەکی باڵا بۆ ئازادی و فرەییی ئایینی و نەتەوەیی لە ناوچەکەدا، لە قەڵەم دا.