ئێوارەی ئەمڕۆ 2025/10/29 لە هەولێر، شاندێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کە لە بەڕێزان فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوان و د. نووری عوسمان، سەرۆکی نووسینگەی سەرۆک و ژمارەیەک لە بەرپرس و ڕاوێژکاران لە سەرۆکایەتی، پێکهاتبوو، لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی ڕۆژی نیشتمانیی تورکیادا، بەشدارییان کرد.
لە ڕێوڕەسمەکەدا کە وێڕای ژمارەیەک کەسایەتیی سیاسی و بەرپرسانی ئیداری و میوانانی ناوخۆ، دیپلۆمات و نوێنەرانی وڵاتانیش لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، بەڕێز سەرۆکی دیوان بە نوێنەرایەتیی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، پیرۆزبایی یادەکەی لە بەڕێز ئەرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و ستافی کونسوڵخانە کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرک و کارەکانیاندا بۆ خواستن.
لای خۆیەوە بەڕێز کونسوڵی گشتیی تورکیا، سوپاسی ئامادەبوونی هەمووانی لە ڕێوڕەسمەکەیاندا کرد و جەختی لە گرنگیی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان و پتەویی دۆستایەتیی نێوانیان، کردەوە.