Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

شاندێکی هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەکات

2024-09-22T15:26:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئەمڕۆ یەکشەممە 2024/9/22، بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بەشداری لە کارەکانی لووتکەی (دواڕۆژ)دا کرد، کە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، بەڕێوە چوو.

لە گفتوگۆکانی لووتکەکەدا کە سەرۆک و سەرکردە و نوێنەری وڵاتانی جیهان تێیدا بەشدار بوون، ئاڵنگارییەکانی بەردەم مرۆڤایەتی لە دواڕۆژدا و چۆنییەتیی بەرەنگاربوونەوەیان، تاوتوێ کرا.

جێی باسە، لە چوارچێوەی شاندی دەوڵەتی عێراقدا کە بەڕێز محەمەد شیاع ئەلسوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرۆکایەتی دەکات، شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و یاوەریی هەریەک لە بەڕێزان نیاز ساڵح بەرپرسی کاروباری دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆکایەتی، تریفە عەزیز نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا، لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، بەشداری دەکات.