
ئێوارەی ئەمڕۆ 2025/9/28 لە هەولێر، شاندێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کە لە ژمارەیەک لە بەرپرس و ڕاوێژکاران لە سەرۆکایەتی پێکهاتبوو، لە ڕێوڕەسمێکدا کە بۆ ماڵئاواییی خاتوو پامیلا هاک، جێگری کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و ناساندنی خاتوو کەیتلن پیپەر، جێگری نوێی کونسوڵی گشتی ڕێکخرا بوو، بەشدارییان کرد.
لە ڕێوڕەسمەکەدا کە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ڕێکی خستبوو، وێڕای ژمارەیەک لە کەسایەتیی سیاسی و بەرپرسانی ئیداری و میوانانی ناوخۆ، خاتوو گويندهلن گرين، كونسوڵی گشتيی ئەمەریکا و چەندین دیپلۆماتکار و نوێنەری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، شاندەکەی سەرۆکایەتی بە ناوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە، سوپاسی خاتوو هاک ـیان کرد، کە لە ماوەی ڕابردوودا وەک جێگری کونسوڵی گشتی، ڕۆڵی لە پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکادا گێڕاوە.
هەر لە ڕێوڕەسمەکەدا، شاندی سەرۆکایەتی وێڕای بەخێرهێنان و پیرۆزباییکردن لە خاتوو پیپەر، بە بۆنەی دەستبەکاربوونی وەک جێگری کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، هەموو پشتیوانییەکیان بۆ سەرخستنی کارەکانی و بەجێهێنانی ئەرکەکانی، دووپات کردەوە.

