Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە

2024-09-23T20:52:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئەمڕۆ دووشەممە 2024/9/23 لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەڕێز ساسکیا ڕامینگ جێگری بەرپرسی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە بەڕێزان نیاز ساڵح بەرپرسی کاروباری دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و تریفە عەزیز نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتۆن، ئامادەی بوون، سەرۆکی دیوان سوپاسی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە عێراق( یونامی) کرد کە ڕۆڵێکی گرنگی لە نزیککردنەوەی بۆچوونە جیاوازەکان سەبارەت بە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، گێڕاوە.

لای خۆیەوە بەڕێز ڕامینگ وێڕای ستایشکردنی کار و هەنگاوەکانی هەرێمی کوردستان لەڕووی قووڵکردنەوەی گیانی پێکەوەژیان و بایەخدان بە بنەما و بەها مرۆڤایەتییەکان، هاریکاری و هەماهەنگیی بەردەوامی دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستانیشی لەگەڵ تیمەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەرز نرخاند.