ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه 2025/1/12 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، دواى گه‌یيشتنى به به‌غدا، به‌شداريى له كۆبوونه‌وه‌ى هاوپه‌يمانيى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌تدا كرد كه بە ئامادەبوونی به‌ڕێزان محەمەد شیاع ئه‌لسوودانی، سەرۆک وەزیرانى عێراقى فيدراڵ و د. مەحموود ئه‌لمەشهەدانی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران به‌ڕێوه چوو.
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، وێڕاى جه‌ختكردنه‌وه له ماف و شايسته ياسایى و دهستوورييهكانى هه‌رێمى كوردستان، ستايشى ڕۆڵى به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زيران ئه‌لسوودانى كرد كه له ماوه‌ى ساڵى ڕابردوودا كارى كردووه بۆ لێكگهيشتنى هه‌ولێر ـ به‌غدا و هيواى خواست هه‌موو پرسه‌كان به گفتوگۆ، چاره‌سه‌ر بكرێن. هه‌ر له‌مباره‌يه‌وه بڕياره هه‌ردوولا سبه‌ى كۆبوونه‌وه‌يه‌ك ئه‌نجام بده‌ن.
هه‌روه‌ها به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، ڕوانگه و كار و ڕۆڵى سه‌رۆك وه‌زيران به‌ڕێز ئه‌لسوودانى، بۆ بره‌ودان به پێگه‌ى عێراق و پته‌وكردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتاندا له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش، به‌رز نرخاند.
له كۆبوونهوهنهكهدا، جەخت له پێویستيى پشتگيريى هەموو لایه‌نه‌كان بۆ جێبەجێکردنی به‌رنامه‌ى حکوومه‌ت له هه‌موو بواره‌كاندا كرايه‌وه، هه‌روه‌ها پشتگیرى له چاکسازییە دارایی و ئابوورییەکانى حکوومەت كرا، جەختیش کرايه‌وه کە هیچ هەڵوێستێکی سیاسی لە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستاندا نييه، جگە لە پرسە تەکنیکییەکان، ئه‌وه‌ش دەکرێت لە ڕێگەی دیالۆگ و لێكگەیشتنەوە، چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە.
هاوپەیمانییەکە داوای کرد عێراق به جۆرێك مامەڵە لەگەڵ ئاڵنگارى و ڕووداوە ناوچهيى و نێودەوڵەتییەکاندا بكات کە بەرژەوەنديی عێراق بپارێزێت و لە ململانێ و قەیرانەکان بەدووری بگرێت، هەروەها باس له دۆخی سووریا کرا و ئامادەیيی عێراق بۆ پشتگیری له گەلی سووریا دووپات كرايه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، سەردانە فەرمییەکانی بەڕێز سەرۆک وەزیران ئه‌لسوودانى بۆ کۆمەڵێک وڵاتى دۆست و چه‌ند پرسێكى ديكه، تاوتوێ كران.
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى به‌شداريى له كۆبوونه‌وه‌ى هاوپه‌يمانيى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌تدا كرد
2025-01-12T08:10:00.000000Z