
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 16/2/2025، لە ڕۆژی سێيهم و كۆتاييى كارهكانى كۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، به كۆنگرهيهكى ڕۆژنامهوانى لهگهڵ ژمارهيهك له كهناڵه تهلهڤزيۆنييهكان، كۆتايى به كارنامه و سهردانهكهى بۆ ئهڵمانيا هێنا. تيايدا تيشكى خسته سهر ناوهڕۆكى بهشدارى و ديدار و كۆبوونهوهكانى.
سەرەتا بەڕێزیان لە وتەیەكدا گوتی: "بێگومان ساڵانە لە كۆنفرانسی ئاسایش لە ميونشن بەشدار دەبین. بۆ ئێمە وەك هەرێمى كوردستان هەموو جارێك بەشداریكردن لەم كۆنفرانسانەدا دەرفەتێكە بۆ ئەوەی لە نزیكەوە گفتوگۆیەكی جددی بكەین لەسەر پێشهاتەكانی جیهان بە شێوەیەكی گشتی و بەتایبەتی لە ناوچەی ئێمە ئەوەی كە پەیوەنديی بە هەرێمی كوردستان، عێراق و بە ناوچەكەوە هەیە. دەرفەتێكە بۆ ئێمە دوور لە پرۆتۆكۆڵی تۆزێك ئەستەم، بتوانین لە دوو ڕۆژدا خەڵكێكی زۆر ببینین و بیروبۆچوونی خۆمان وەك هەرێمی كوردستان بۆ بەشداربوونی كۆنفرانسەكە باس بكەین. ئەمساڵیش بەشداریمان هەر لەو چوارچێوەیە بووە و گفتوگۆی زۆر و دیدارمان هەبووە، لە میدیا باس كراوە و له گفتوگۆكاندا بۆچوونەكانی هەرێمی كوردستانمان لەسهر پرسی ئاسایش و پرسی سەقامگیریی ناوچەكە خسته ڕوو و بۆچوونی لایەنەكانی تریشمان گوێ لێ بوو لەسەر هەموو ئەو پێشهاتانەی ئەمڕۆ لە جیهان ههن، بەتایبەتی ئهوانهى لە ناوچەی ئێمە دەگوزەرێن".
دواتر لە وەڵامی پرسیارێكدا دەربارەی ههنگاوهكانى پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەردانی شاندی ئیمرالی بۆ هەرێمی كوردستان، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند: "ئێمە لە گفتوگۆیەكی جددیداین و شاندی هەردوو لایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان ئێستا لە گفتوگۆیەكی جددیدان بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان. تا ئێستا چەندین دیدار لەنێوان ئێمەدا لە هەردوو لایەن كراوە و گەشبینین كە لە ماوەیەكی نزیكدا بگەین بە ئەنجام. بێگومان دیدارەكان و دیداری پێشتر لەسەر ئەوە بوو ئێمە چۆن دەتوانین پێكەوە كار بكەین، ئەگەر ئێمە هاوبهشين لە حكوومەتێكدا، ئەو هاوبهشييه مانای چییە و چۆن ئهو هاوبهشييه دهردهبڕين، ئەمانە هەموو ئەو شتانە بوون كە جێی بایەخی هەردوولامان بوون هەم یەكێتیی نیشتمانی و هەم پارتی دیموكراتی كوردستان. لەوانەدا هەموو پێشڤەچوونی باشمان بەدەستهێناوە و هیوادارین لە ماوەیەكی نزیكدا بتوانین تەواوی بكەین و دوای ئەوە كۆبوونەوەی تر بكەین لەسەر ئەوەی پۆستەكان بە چ شێوەیەك لەنێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و پێكهاتەكانی تردا، ئەوانەی كە بەشدار دەبن لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و قسە لەسەر ئەو بابەتە دەكەین. پرسی سەردانی شاندی ئیمرالی (دەم پارتی) ئەوانەی كە چوونەتە ئیمرالی و ئەمڕۆ لە هەولێرن و ئێستا سەرۆك بارزانی ـ یان دیوە، منیش سبهى بەیانی لە هەولێر دەیانبینم. ئەمانە بێگومان بە پەیامی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە هاتوون بۆ هەولێر، لەوێشەوە دەچن بۆ سلێمانی. بێگومان چاوەڕوان دەكەین بزانین پەیامەكەیان چ پەیامێكە. لەو بڕوایەداین پەیامی ئاشتی بێت، بۆ سەقامگیری بێت بۆ توركیا. پەیامەكەش زیاتر بۆ پەكەكە دەبێت و هیوادارین گوێبیستی بانگەوازی ئاشتی بین لەلایەن بەڕێز ئۆجەلانەوە. هیوادارین پەكەكەش هەڵوێستی هەبێت و پێشوازی لە پەیامی بەڕێز ئۆجەلان بكات".
دەربارەی هەڵسەنگاندنی بەڕێزیان بۆ دیدار و كۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا وەك باڵاترین بەرپرسی عێراق كە دیداری لەگەڵ بەرپرسانی باڵای كابینەی ترامپدا ئەنجام دابێت، هەروەها بەكارهێنانی پەیوەندییە بەهێزەكانی بۆ نزیككردنەوەی بۆچوونەكانی هەولێر ـ بەغدا، بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد: "كۆبوونەوەیەكی باشمان هەبوو لەگەڵ جەنابی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، بەڵام هەروەك ئاگادارن ماوەیەكی زۆر درێژ نییە ئەو لە ئۆفیسە و تازە دەستی بە كار كردووە. لەم كۆبوونەوەیەدا باسی ئەو شتە هاوبەشانەمان كردووە كە لەنێوان عێراق و ئەمەریكادا هەیە، جەختمان لەوە كردووهتەوە كە عێراق فاكتەرێك بێت بۆ ئەمن و ئاسایش لە ناوچەكەدا و عێراق دەیەوێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت بۆ ئەوەی كێشەكان پەرە نەسێنن. هەر لەم چوارچێوەیەدا هەم بە ناوی هەرێمی كوردستان و هەم بە ناوی عێراقیشەوە باسمان كرد و بانگهێشتى جەنابی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكامان كردووە بۆ ئەوەی تەشریف بهێنێتە عێراق و لە ڕێوڕهسمى كردنەوەی كونسوڵخانەی نوێی ئەمەریكادا لە هەولێر بەشدار بێت".
لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەدا سەبارەت بە دۆخی سووریا و باسكردنی ئەو بابەتە لە دیدارەكانیدا، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی گوتی: "لە هەموو كۆبوونەوەكاندا تەوەرێكی سەرەكیی گفتوگۆكانمان لەسەر پرسی سووریا بووە، بێگومان لە لایەكەوە ئەوەی ئێستا لە سووریا دەگوزەرێت جێی دڵخۆشيی هەموو لایەكە بەوەی كە ڕژێمێكی سەركوتكار ئەوەی پێشتر زۆر ستهمى لەو گەلە كردووە، لەسەر كار نەماوە، ئەوە جێی دڵخۆشییە. ئەم دەسەڵاتەی ئێستا هاتۆتە سەر حوكم لە سووریا، هیوادارین بتوانێت هەموو لایەك و پێكهاتەكانی سووریا لە پاشەڕۆژی سووریا بەشداری پێ بكات. ئەوەی بۆ هەرێمی كوردستان گرنگە ئەوەیە كە هیوای سەقامگیری بۆ گەلی سووریا دەخوازین، گەلی سووریا گەلێكە شایستەی ژیانێكی باشترە، ساڵانی ڕابردوو كێشەی گەورەیان هەبووە و زۆر ئەزیەتیان خواردووە و زۆریان لە وڵات دەرچوون و زۆر ماڵوێرانییان بینیوە. ئەمڕۆ بە ڕاستی گەلی سووریا شایستەی ژیانێكی باشترە. هیوادارین ئیدارەی نوێ بەتایبەتی سەرۆك ئەحمەد ئهلشەرع بتوانێت فاكتەرێك بێت بۆ سەقامگیریی سووریا و بتوانێت گەلی سوووریا لەو نەهامەتی و ناخۆشییە دەرباز بكات. بێگومان سووریا وڵاتێكە زۆر پێكهاتەی تێدایە، پێكهاتەی جیاوازی تێدا هەیە. گرنگترین كار لە سووریا ئەوەیە كە هەموو لایەنە پەیوەندیدارهكان بەشدارن، واتە هەموو پێكهاتەكانی سووریا. ڕێنوێنيی ئێمەش ئەو قسانەی كە لەگەڵ برا كوردەكانمان كردووە، دوو سێ شتی زۆر دیاریكراوە، يەكەم شت پێمان گوتوون دەبێت ئێوە بە یەكگرتوویی بچنە دیمەشق. ئەزموونی ئێمە لە هەرێمی كوردستان كە بەیەكەوە چووينە بەغدا، ئەزموونێكی زۆر سەركەوتوو بوو دوای ساڵی 2003. خۆتان بە خاوەنی سووریاى نوێ ببینن. چاوەڕێی ئەوە مەكەن لە دیمەشقەوە بانگهێشت بكرێن، ئێوە خۆتان بكەن بە خاوەنی سووریای نوێ. ئەم سووریایە سووریای ئێوەیە، دیمەشق پایتەختی ئێوەیە. قسەی ئێمە بۆ ئەوان ئەوە بووە بە زووترین كات لەناو پرۆسەی سیاسیی سووریادا بەشدار بن. هیوادارین دەسەڵاتی نوێ بەتایبەتی سەرۆكی نوێی سووریا ئەم فرەڕەنگییەی سووریا ببینێت و هەوڵ بدات هەموو پێكهاتەكان لە ئایندەی سووریادا بەشداری پێ بكات. ئێمە هیوای ژیانێكی بەختەوەر و ئایندەیەكی باش بۆ گەلی سووریا دەخوازین بە هەموو پێكهاتەكانیەوە. ئەوەی لەسەر ئێمەش پێویست بێت وەك هەرێمی كوردستان، بتوانین ڕۆڵی خۆمان لەو چوارچێوەیەدا بگێڕین، ئامادە دەبین. لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریاش هەر لەم چوارچێوەیەدا دیدارمان هەبوو، بێگومان هەر لەو چوارچێوەیەدا قسەمان كرد و جەختمان لەسەر ئەوە كردووهتەوە كە ئێمە فاكتەری سەقامگیریی دەبین و ئامادەین یارمەتییان بدەین بۆ سەقامگیریی زیاتر لە سووریا".
سەبارەت بە ئەمەریكاى نوێ و ترسی ئەوەی كە ئەم ئەمەریكا نوێیە زیان بە هەرێمی كوردستان بگەیەنێت، هەروەك ئەورووپا ترسی لەو ئەمەریكایە هەیە، بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: "ئەمەریكایەكی نوێیە، ئەمە جوانترین بۆچوونە، چونكە بە ڕاستی ئەمەریكایەكی نوێیە، ئیدارەیەكی نوێیە و بۆچوونی جیاوازی هەیە و بە بۆچوون و دیدێكی نوێوە سەیری جیهان بە شێوەیەكی گشتی دەكات، بەڵام ئەوەی كە گرنگە ئەگەر سەیری لێدوانەكانی سەرۆكی ئەمەریكا بكەیت، لێدوانەكانی سەرۆكی ئەمەریكا یەك شتی ڕوونی تیایە. ڕوون و ئاشكرایە كە ئەو دەیەوێ فاكتەرێك بێت بۆ ئاسایش و سهقامگيرى، بۆ كۆتاییهێنان بەو جەنگانەی كە لە ناوچەكەدا دەكرێت، بۆ كۆتاییهێنان بە هەموو ناكۆكییەك كە لە جیهاندا هەیە. سەرۆكی ئەمەریكا لە قسەكانی خۆیدا ئەمەی دەربڕیوە. پێموایە هەموو لایەكمان لە ناوچەكەدا چ لە ئەورووپا و چ لە ناوچەكەماندا، پێویستە پێشوازی لە قسەكان و دەستپێشخەرییەكانی سەرۆكی ئەمەریكا بكەین، چونكە ئەوەی كە جەنابی سەرۆك ترامپ گوتوویەتی، ئەو دەڵێت ئێمە هاتووين بۆ ئەوەی كۆتایی بە جەنگەكان بهێنین و ئاشتی بەرقەرار بكەین. ئەمڕۆ جیهان لە هەموو شتێك زیاتر پێویستی بەو ئاشتییە هەیە. بە چ شێوەیەك جێبەجێیان دەكات؟ ئەوەیان بابەتێكی ترە، بەڵام ئەوەی خۆی دەیڵێت و ئەوەیە كە باوەڕی پێیەتی، شايستهى ئەوەیە كە هەموومان ڕێزمان بۆی هەبێت و پشتگیری بكەین لەوەی كە خۆی دەڵێت كۆتاییهێنانە بە جەنگەكان و بەرقەراركردنی ئاشتییە. ئێمە ترسمان نییە و ئەمەریكا بە هاوپەیمانی خۆمان دەزانین، عێراقیش بە فاكتەرێك دەزانین بۆ ئەوەی بتوانێت ڕۆڵێكی جددی ببینێت و ببێتە فاكتەرێكی جددی لە پرسی سەقامگیریی هەموو ناوچەكەدا".
لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەی ڕۆژنامەواناندا سەبارەت بە دیدارەكانی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی توركیا و ئەمەریكا و هیوای دروستبوونی ئاشتی لە ناوچەكە، ههروهها ئاخۆ پەیامێكى بۆ سهرۆك ترامپ ناردووه تا لە كوردستانى سووريا نەكشێتەوە، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی ئاشكرای كرد: "لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیا باسی ئەم پرۆسەیەمان كردووە و هەست دەكەم توركیا زۆر بە جددی هەوڵ دەدات پرۆسەی ئاشتی بەڕێوە ببات و هەموو شتێك لەسەر ئەم شاندەی (دەم پارتی) دەمێنێتەوە، ئەوانەی كە هاتوون بۆ هەرێمی كوردستان و ئەو بانگەوازەی كە بڕیار وایە بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ماوەیەكی نزیكدا بیكات، كە من پێشبینی دەكەم تا كۆتایی ئەم مانگە ئەو بانگەوازە دەربچێت. هیوادارین و سروشتی ئەم كێشەیە ئەوە نییە كە بە توندگەری و چەك و جەنگ چارەسەر بكرێت، سروشتی كێشەكە ئەوەیە لەڕووی سیاسییەوە و بە ئاشتی چارەسەر بكرێت، ئەوەی گرنگە هەنگاوی یەكەم پێشبینی دەكەین قەندیل و پەكەكە دەبێت زۆر بە جددی بیر لەوە بكهنەوە كە پێشوازی لە بانگەوازی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان بكهن و ئەو پەیامە لەوانەیە بە زووترین كات و لەم ماوەیەدا وەك باسم كرد تا كۆتایی ئەم مانگە ئەو پەیامە بدات. هیوادارین پەكەكە پێشوازی لە بانگەوازی بەڕێز ئۆجەلان بكات. لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیاش ئەمە یەكێك بوو لە تەوەری باسەكانمان. ئەمە چەند مانگە ئەم بابهته بەردەوام تەوەرێكی سەرەكی بووە. ئەوەی كە پەیوەندیی بە برایانی ئێمەوه لە سووریا هەیە، بەڵێ خۆمان هەستمان بەو بەرپرسیاريهتییە كردووە، هەر لە ڕۆژی یەكەمیشەوە هەستمان كردووە، هەوڵێكی جددیشمان داوە بۆ ئەوەی هیچ پێشهاتێكی ناخۆش لەناو سووریا دروست نەبێت و یەكەم ئەولەویەتی ئێمە ئەوە بووە چۆن برایانی خۆمان لەوێ بپارێزین، پێموایە تا ڕادەیەكیش لەو سیاسەتەدا سەركەوتوو بووین، بە سوپاسەوە توركیاش بە ڕاستی یارمەتیدەر بووە لەو پرسەدا و سوپاسیان دەكەین. لەگەڵ وەزیری دەرەوە بە ڕوونی پێمان گوتن كە یەك پرسی جددی هەیە، ئەویش پرسی سەرهەڵدانی داعشە. تا ئێستاش وەك هەرێمی كوردستان داعش بە مەترسییەكی ئەمنی دەبینین بۆ عێراق و بۆ هەرێمی كوردستان، بۆ خودی سووریاش. بۆچونی ئێمە ئەوەیە كە ئێستاش عێراق بە گشتی پێویستی بە هێزەكانی نێودەوڵەتی هەیە. ئەمە بۆچوونی هەرێمی كوردستانە، پێمان وانییە ئەمە كاتێكی دروست بێت بۆ ئەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق بكشێنەوە. عێراق دۆخێكی تایبەتی هەیە و پێویستی بە یارمەتی هەیە. ئەمە بۆچوونی ئێمەیە و لەوانەیە بۆچوونەكانمان لەگەڵ بەغدا جیاواز بێت، بەڵام بۆچوونی ئێمە لەسەر ئەم پرسە، سەیری عێراق دەكەین وەك هەموو عێراق پێویستی بە هێزەكانی هاوپەیمانان هەیە كە یارمەتییان بدەن. ئەمە تەوەرێك بووە لە قسەكانمان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و جەختمان لەوە كردۆتەوە كە پێویستە یارمەتيی سەقامگیریی عێراق بدرێت. ئەمڕۆ دەبینین لە عێراق سوپاس بۆ خوا دۆخەكە باشترە. دەبینین لە لایەنی ئابوورییەوە باشترە و پرۆژە هەیە. لێرە كاتێك پرسیاریان لێ كردم و دەیانگوت كێشەی ئێستای عێراق چییە؟ گوتم گەورەترین كێشەی عێراق ئەمڕۆ لە بەغدا ترافیكی ئۆتۆمبیلە. ئەمە گەورەترین كێشەیە ئێستا. ئەمە جێی دڵخۆشییە كە وردە وردە عێراقێك دەبینین كە گەلی عێراق شایستەی ژیانێكی باشترە، شایستەی ژیانێكی خۆشترە لەوەی ئێستا، هەنگاوەكانیش هەرچەند بچووك بن، زۆر بە بایەخەوە سەیریان دەكەین. پەیوەندیی نێوان عێراق و هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ زۆر باشترە لە جاران. دەبینین سەرۆك وەزیرانی عێراق بە سوپاسەوە هەموو هەوڵێكی خۆی دەدات بۆ ئەوەی ئەو كێشانەی لەنێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا هەیە چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە. ئەمڕۆ پێكەوە وەك یەك تیم كار دەكەین نەك وەك دوو لایەن. چۆن دەتوانین تەواوكەری یەكتر بین لەگەڵ بەغدا؟ ئەمڕۆ بۆچوون و پەیوەندییەكانمان لەگەڵ بەغدا لەو چوارچێوەیەدایە كە چۆن دەتوانین پێكەوە وەك یەك تیمی هاوبەش لە خزمەتی عێراق بە هەموو پێكهاتەكانییەوە كار بكەین".
سەبارەت بە ناردنی پەیام بۆ سەرۆك ترامپ دەربارەی كوردستانى سووريا، بەڕێزیان ئاشكرای كرد: "بەڵێ ئەوەی كە باسم كرد، لەوانەیە لە باسەكەمدا زۆر تەركیزم لەسەر ئەوە نەكرد، بەڵام كاتێك باسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكامان دەكرد نەك تەنیا لە عێراق، بەڵكو بەتایبەتی باسی كشانەوە لە سووریاشمان دەكرد".
لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەدا دەربارەی باسكردنی دۆخی پێشمەرگە و هێزە هاوپەیمانەكان لە عێراق لە دیدارەكانیدا لەگەڵ وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی جیاوازدا، بەڕێزیان گوتی: "سەبارەت بە پرسی پێشمەرگە، بە سوپاسەوە وڵاتانی هاوپەیمان لە پرۆسەیەكی چاكسازیدا بۆ هێزەكانی پێشمەرگە بەشدارن و ئەو پرۆسەیە تا ئێستاش بەردەوامە و لەوانەیە زۆر بە خێرایی بەڕێوە نەچێت و هەنگاوەكان زۆر هێواشن، بەڵام پرۆسەیەكی جدديی چاكسازی هەیە لەناو هێزەكانی پێشمەرگە بۆ یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا و هەموو ئەو لایەنانەی كە بینیمان چ ئەڵمانیا، هۆڵەند، بەلجیكا، ئیتاڵیا و ئەمەریكا ئەوانەی كە بەشدارن لە پرۆسەكەدا، بە سوپاسەوە بینیمان كە هەموویان پابەندن بەوەی كە ئەو یەكبوونەی هێزەكانی پێشمەرگە ببینن و هیچ كەموكووڕییەك لەو پرۆسەیەدا بەدی ناكرێت".
سەبارەت به بيرۆكهى فیدراڵیزم بۆ چارەسەری پرسی كورد لە سووریا، هەروەها ئاخۆ بەڕێزیان لە داهاتوودا سەردانی دەبێت بۆ سووريا، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی ئاشكرای كرد: "بێگومان دەربارەی فیدراڵیزم وەك چارەسەر، هەر شوێنێك تایبەتمەندیی خۆی هەیە، لەو باوەڕەدا نیم ئەو مۆدێلەی ئێستا لە عێراق هەمانە بۆ پرسی كورد، ناتوانی هەمان مۆدێل لە سووریا جێبەجێ بكەی، چونكە نە جوگرافیای سووریا و نە جوگرافیای ئەو گەلانەی لە سووریا دەژین وەك عێراقە و نە دەتوانی هەمان مۆدیل بەكار بهێنی. گرنگ ئەوە نییە چ مۆدێلێك دەبێت، گرنگ ئەوەیە مۆدێلێك بێت كە جێی ڕەزامەندیی هەموو گەلی سووریا بێت و مۆدێلێك بێت ئاشتی بۆ هەموو پێكهاتەكانی سووریا بەرقەرار بكات، ئەگەر پێداگریمان لەسەر مۆدێلێكی تایبەتی بێت، لەو باوەڕەدام شتێكی دروست نییە، پێویستە مۆدێلێك بێت بە گفتوگۆ و دیالۆگ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیمهشق بێت، ئێستاش دەڵێم پێویستە برایانمان لە سووریا بچنە دیمەشق و وەك میوان مامەڵە نەكەن، بەڵكوو وەك خاوەن ماڵ مامەڵە بكەن، چونكە ماڵی خۆیانە و جێی خۆیانە و پرۆسەی خۆیانە و دیمەشق پایتەختیانە و پایتەختی سووریایە. پێویستە بەو شێوەیە سەیری بكەن تاكوو چارەسەرێك بدۆزرێتەوە كە لە بەرژەوەندیی هەموو گەلی سووریادا بێت. باوەڕ بكەن ئەوەندە بیری سووریا دەكەین و لەكاتی خۆیدا زۆر سەردانی سووریامان دەكرد، بۆ قامیشلی و لەوێوە بۆ حەلەب و بۆ دیمەشق. ئێستاش ئەو بیرەوەرییەمان هەر لە یادە و هیوادارین ڕۆژێكی زوو بێت و پەنا بە خوا جارێكی دیكە بتوانین سەردانی گەلی خۆمان لە قامیشلی و حەلەب و عەفرین و ئەو جێیانە بكەین".
دەربارەی پهيوهنديى ههرێمى كوردستان لهگهڵ كۆمارى ئيسلاميى ئێراندا سەرۆك نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند: "بێگومان پەیوەندییەكانمان وەك هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێراندا، پەیوەندیی باشن. ئێران دراوسێی ئێمەیە و ئێستا پەیوەندییە ئابوورییەكانمان و هەموو پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئێران بەرەوپێشچوونێكی باش بەخۆیانەوە دەبینن. لە هەرێمی كوردستان پرەنسیپێكمان هەیە، ئێمە ناتوانین دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی ئێراندا بكەین كه لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش ئەمە كارێكی دروست نییە. بەرپرسیاريهتیی ئێمە پرسی هەرێمی كوردستانی عێراقە. وای نابینین لە بەرژهوەندیی هیچ لایەنێكدا بێت دەستوەردان بكەین. ئەگەر بتوانین قسەیەك بكەین ئەوا دەیكەین، پێش ئێستا زۆر هەوڵمان داوە، ناتوانین بە ئاشكرا بێینە ناو ئەو پرسانە، چونكە ئەمە پرسێكی تەواو ناوخۆیيی ئێرانە و وەك هەرێمی كوردستان سیاسەتمان ئەوەیە پەیوەندیمان لەگەڵ ئێراندا باش بێت و بە هیچ شێوەیەك دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی ئێراندا نەكەین، ئەو چاوەڕوانیەشمان هەیە كە ئەوانیش دەست نەخەنە ناو كاروباری ناوخۆی هەرێمی كوردستانهوه و پەیوەندییەكانمان لەسەر بنەمای ڕێزێكی دوولایەنە بەردەوام بێت".



