
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 2024/11/27 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە خاتوو ئێڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا کرد.
له كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا پته‌وكردنى پەیوەندیيەکانی عێراق و هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ شانشینی یەکگرتوو، بەهێزکردنی هاريكاريى هاوبه‌ش له هه‌موو بواره‌كاندا، به‌تايبه‌تى هاوکاریی ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ڕێکخراو، کۆچی نایاسایی، بازرگانی بە مرۆڤ، سپیکردنەوەی پارە و تاوانی ئەلیکترۆنی، تاوتوێ كران.
سەرۆک نێچيرڤان بارزانى، گرنگيی بەهێزکردنی هاوکاریی نێودەوڵەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنی و مرۆییەکان و تاوانه نێوده‌وڵه‌تييه‌كان دووپات کردەوە و ستایشی ڕۆڵی شانشینی یەکگرتووی کرد لە پشتگیریکردنی سەقامگیريی هەرێمی و پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان لە پەرەپێدانی توانا ئەمنی و کارگێڕييه‌كانى.
لاى خۆیەوە، خاتوو کووپەر، وێڕای پیرۆزبایی بۆ سه‌رکه‌وتنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان، سوپاسی ڕۆڵی هەرێمی کوردستانی کرد وەک هاوبەشێکی ستراتیژی لە بەهێزکردنی ئاسایشی هەرێمی و ئاماژەی بە به‌رده‌واميى پابەنديى وڵاتەکەی کرد بۆ پشتيوانى و هاوكاری لەگەڵ هەرێمى كوردستان و عێراق له‌پێناو بەدیهێنانی سەقامگیری و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانە مرۆییەکان لە ناوچەکەدا.
پرسى پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، گرنگیی جێیه‌جێکردنی ده‌ستووری عێراق و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی وڵات، مه‌ترسییه‌کانی داعش، دوایین پێشهاته‌کانی دۆخى ئاڵۆزى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو.





