Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، پێشوازيى لە كونسوڵى نوێى ميسر كرد

2024-11-13T11:15:00.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2024/11/13، به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، له‌ ديدارێكدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز باڵیۆز مەحموود فارووق یووسف، کونسوڵی نوێی میسر لە هەرێمی کوردستان، پيرۆزباييى ده‌ستبه‌كاربوونى لێكرد و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست، هه‌روه‌ها هه‌موو پشتگيرييه‌كى بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كه‌ى، ده‌ربڕى.

له‌ ديداره‌كه‌دا هه‌ردوولا خواستى دوولايه‌نه‌يان بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان و هاريكاريى هاوبه‌ش له‌ هه‌موو بوارە‌كاندا، به‌تايبه‌تيش بوارى بازرگانی، دووپات كرده‌وه‌. له‌مبارەيه‌وه‌، باس له‌ جووڵه‌ و ئاستى بازرگانيى نێوان هه‌رێمى كوردستان و كۆمارى ميسرى عه‌ره‌بی، كرا.

هه‌ڵبژاردنه‌كانى كوردستان، دۆخى عێراق و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو.