Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له‌ باڵيۆزى نوێى هيندستان كرد

2025-01-28T13:03:00.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2025/1/28 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ ديدارێكدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سوومێن باكچى، باڵيۆزى نوێى هيندستان له‌ عێراق، پيرۆزباييى ده‌ستبه‌كاربوونى لێ كرد و هه‌موو پشتگيرييه‌كى بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كه‌ی ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودانى په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ هيندستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، دووپات كرده‌وه‌.

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز باڵيۆزى نوێى هيندستان، وێڕاى نيشاندانى خۆشحاڵی به‌ ده‌ستبه‌كاربوونى و سه‌ردانى بۆ هه‌رێمى كوردستان، جه‌ختى له‌ خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ به‌ره‌وپێشبردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ وڵاته‌كه‌ى به‌ بايه‌خ و گرنگييه‌وه‌ له‌و په‌يوه‌ندييانه‌ ده‌ڕوانێت.

دۆخى گشتیی ناوچه‌كه‌ و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو كه‌ به‌ڕێزان كونسوڵى گشتيى هيندستان له‌ هه‌رێمى كوردستان و جێگره‌كه‌ى، ئاماده‌ى بوون.