Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازیى له‌ باڵيۆزى به‌ريتانيا كرد

2024-11-07T10:10:00.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2024/11/7 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ ديدارێكدا له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێز ستيڤن هيچن، باڵيۆزى به‌ريتانيا له‌ عێراق، هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى به‌ريتانيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و دۆخى ناوچه‌كه‌يان تاوتوێ كرد.

به‌ڕێز باڵيۆزى به‌ريتانيا پيرۆزبايى له‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و گه‌لى كوردستان كرد بۆ سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان و ستايشى به‌ڕێوه‌چوونى سه‌ركه‌وتووانه‌ى پرۆسه‌ى ده‌نگدانى كرد. هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر‌ گرنگيى هاريكاريى هاوبه‌شى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان و گرتنه‌به‌رى ڕێكاره‌كان بۆ دامه‌زراندنى كابينه‌ى داهاتووى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان.

جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر خواستى دوولايه‌نه‌ بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى به‌ريتانيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، تاوتوێكردنى ئه‌گه‌ر و لێكه‌وته‌كانى دۆخى ئاڵۆزى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و پێويستيى به‌دوورگرتنى عێراق له‌ كێشه‌ و ناكۆكييه‌كان، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو كه‌ به‌ڕێز كونسوڵى گشتيى به‌ريتانيا له‌ هه‌رێمى كوردستان، ئاماده‌ى بوو.