ئێوارهى ئهمڕۆ دووشهممه 2026/10/12 بهڕێز نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان، بهشداريى له پانێڵێكى ديدارى ساڵانهى مێريدا كرد و له گفتوگۆ و وهڵامى چهند پرسيارێكدا، تيشكى خسته سهر چهندين پرس و بابهتى پهيوهنديدار به ههرێمى كوردستان، عێراق و ناوچهكهوه.
ناوهڕۆكى ديدارهكه:
پرسیار: مانگی چوار شەڕ هەبوو، بەداخەوە هەولێر درۆنباران کرابوو، کەواتە دەبێت باسی ئەو بابەتە بکەین. بەڵام لە هەمان کاتدا دەمەوێت باسی عێراقیش بکەین، هەر وەکوو چۆن میوانانی پێشتر، لەوانە بهڕێز سەرۆکوەزیرانى پێشوو باسی عێراقی کرد. دواییش حەز دەکەم باسی کێشەی کورد، دۆزی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و ناوچەکەدا بکەین. بەڵام بەڕاستی پرسیارێک هەیە وا دەزانم لای هەموومان دروست بووە؛ شتێکمان بیست پێش تۆزێک، بەڵام وا دەزانم زیاتر لە 80%ـی هۆڵەکە تێنەگەیشتن بابەتەکە چییە؛ بەسەرهاتی بڕنۆکە چییە؟ ئەو بڕنۆیە واتە چی کاک بافڵ باسی کرد؟
سهرۆك نێچیرڤان بارزانی: ئاسایيیە، کاک قوباد لێرەیە؟ پێموایە لە کۆتایيی قسەکانیدا، کاک بافڵ گوتی: "بڕنۆکەشم هەر دەوێت"، وانییە؟ ئەو بڕنۆیە شتێکە لەنێوان کاک بافڵ و جەنابی سەرۆک بارزانی، بەڵێ، لەنێوان خۆیاندا. لە کۆبوونەوەیەکدا کە منیش هەرسێکمان بووین، کاک بافڵ داوای لە جەنابی سەرۆک کرد؛ دیارە بڕنۆ جەنابت دەزانیت هێمای دەستپێکردنی شۆڕشی کوردستانە، بەوە دەستی پێکرد لە ساڵی 1961دا، وانییە؟ بە جەنابی سەرۆکی گوت کە من دەمەوێت تۆ بڕنۆیەکم بە دیاری بدەیتێ، ئەویش گوتی: "باشە". پێموایە کاک بافڵ ئێستاش هەر ئەو باسەی کە کردوویەتی، داوا دەکات بە زووترین کات ئەو بڕنۆیەی پێ بدرێت. بێگومان ئێمە هەموومان ئەوە بە جەنابی سەرۆکیش دەڵێین و پێموایە جێبەجێش دەکرێت. بەسەرهاتی بڕنۆکە ئاوایە.
پرسیار: بەسەرهاتی بڕنۆکە؛ ئێستا نزیکەی هەموومان تێگەیشتین، ڕوونی و ئاشکرایی بۆ شتی وا باشە. قوربان، جەنابت هەر وەکوو چۆن ژیریی دەستکرد گوتی، ساڵێکت هەبوو کە پڕ بوو لە چالاکی؛ هەم وەکوو سەرۆکی هەرێم، هەم وەکو سەرکردەیەکی سیاسیی کورد، هەم بهڕاستی وەکوو خۆت و کەسایەتیی خۆت و پەیوەندییەکانی خۆت. بۆیە دەکرێت ئەم پرسیارانە لە هەر سێ ڕووەوە لە جەنابت بکەین. ئەم دۆخ و بارودۆخەی ئێستا ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێیدا تێپەڕ دەبێت؛ شەڕی ئەمهریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، پرسی هورمز، پرسی کێشەی ئابووریی نێودەوڵەتی کە باس کرا؛ ئايا ئەم دۆخ و تەنگژانە شتێکی کاتییە و شەڕێکی دیکەیە وەکوو شەڕەکانی دیکە؟ یاخود جەنابت وای دەبینیت کە سەرەتای قۆناغێکی نوێیە لە سیاسەت و سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا؟
سهرۆك نێچیرڤان بارزانی: بە دڵنیاییەوە سەرەتای قۆناغێکی نوێیە لە ناوچەکەدا. ئەوەی کە دەستی پێکردووە ئەوە نییە شتێکی کاتی بێت و تەواو بێت. بە دڵنیایییەوە ئێمەش وەک کورد لەمەدا، هەم دەرفەتمان هەیە، هەمیش ڕەنگە هەڕەشەش هەبێت، بەڵام پێموایە ئێمە دەتوانین دەرفەتەکان زۆر زیاتر ببینین لەوەی کە هەڕەشە بن بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ کورد بە شێوەیەکی گشتی. من خۆم وای دەبینم.
پرسیار: دەکرێت باسی هەڕەشەکانمان بۆ بکەیت؟ یەکەم، دووەم، سێیەم گەورەترین هەڕەشە هەم بۆ عێراق و هەم بۆ هەرێمی کوردستان چین؟
سهرۆك نێچیرڤان بارزانی: گەورەترین هەڕەشە ئێستا بۆ دۆخی عێراق ئەگەر سەیری بکەین، ڕەنگە زیاتر هەڕەشەیەکی ئابووری بێت؛ واتە پرسی ئابووری و پرسی ئەوەی کە دۆخی عێراق بەرەو کوێ دەڕوات لە ڕووی ئابوورییەوە. چونکە جەنابت دەزانیت عێراق پشتبەستنێکی زۆری بە هەناردەکردنی نەوتەوە هەیە و لەم شەڕانەدا عێراق لە 90% زیاتر پشتبەستنی بەسەر نەوتەوەیە، تەنیا ڕێگەی هەناردەکردنی نەوتی کردارییش ئێستا تەنگەی هورمزە. یەکێک لە ئاستەنگە گەورەکانی بەردەم عێراق بە شێوەیەکی گشتی ئەم بابەتە ئابوورییەیە. ئەمە یەک.
پرسیار: بەڵێ، هەڕەشەی دیکە؟
سهرۆك نێچیرڤان بارزانی: بێگومان هەڕەشەی دیکە ئەوەیە کە بە شێوەیەکی گشتی لەسەر ئێمەیە، ئایا عێراق و هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ عێراق، بەرەو چ سیاسەتێک دەڕوات؟ ئایا ئێمە لە عێراقدا وەک وڵاتێکی خاوەن سەروەری هەڵسوکەوت دەکەین؟ وەک وڵاتێکی ئاسایی کە پەیوەندیی هەبێت لەگەڵ دەوروبەری خۆی، پەیوەندییەکی باشی هەبێت لە نێوخۆی عێراقدا و لە دەرەوەی عێراقدا؟ پێموایە ئەوە گەورەترین ئاستەنگە سەبارەت به عێراق و هەرێمی کوردستانیش وەکوو بەشێک لە عێراق. پێموایە عێراق دەبێت لەم بابەتەدا زۆر بە جددی هەوڵ بدات وەک وڵاتێکی خاوەن سەروەری ڕەفتار بکات و باشترین پەیوەندیی لەگەڵ دراوسێکانی و لەگەڵ دەرەوەدا هەبێت.
پرسیار: ئەمە هەڕەشەکان، دەرفەتەکان چین؟
سهرۆك نێچیرڤان بارزانی: دەرفەتەکان زۆرن. ئەگەر سەبارەت بە کورد هەژماری بکەیت، سروشتییە دەرفەت هەیە بۆ کورد، بەڵام کورد لە هەر وڵاتێک کە تێیدا دەژی بەپێی تایبەتمەندی و ژیانی کورد لەو وڵاتانە؛ ئەمانە دەرفەتی باشن بۆ کورد هەم لە تورکیا و هەم لە سووریا و تەنانەت لە ئێرانیش دەرفەت هەیە. بە ڕاستی ئەو دەرفەتانە کورد دەتوانێت بیانقۆزێتەوە و دەتوانێت کاریان لەسەر بکات بۆ ئەوەی ببنە دەرفەت بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە بە شێوەیەکی گشتی.
پرسیار: من پێم باشە تۆزێک زیاتر قووڵ ببینەوە لە دەرفەتەکان و وڵات بە وڵات پێیدا بڕۆین، چونکە بەڕاستی کە هەواڵەکان دەخوێنینەوە، ئومێد و هیوا کەمە. تەنانەت کە شیکاری دەکرێت بۆ دۆخی هەرێمی کوردستان، ڕۆژئاوا بێت، پرۆسەی ئاشتی بێت لە باکوور یاخود ڕۆژهەڵات و ئێران، هەواڵەکان و شیکارییەکان بە ئەرێنی باسی ناکەن. بەڵام جەنابت دەڵێیت دەرفەت هەیە، پێتان چۆنە ئێمە بێین وڵات بە وڵات باسی بکەین؟ با لە باکوورەوە دەست پێ بکەین؛ پرۆسەی ئاشتی لە باکوور لەنێوان پەکەکە و لەنێوان حکوومەتی تورکیا، بە خوێندنەوەی جەنابت و بە هەڵسەنگاندنی جەنابت تا چەند جددييه، و تا چەند مەترسیی ئەوەی لەسەرە کە لە ڕێڕەوی خۆی لابدات؟
سهرۆك نێچیرڤان بارزانی: پێموایە سبەی برای بەڕێزم کاک تونجەل باکرهان پانێڵێکی هەیە و ئەو زیاتر دەتوانێت لەسەر ئەو بابەتە قسە بکات، بەڵام با من بۆچوونی خۆم باس بکەم. سەبارەت بە ئێمە لە هەرێمی کوردستان بەردەوام ئەو پرسیارە هەبووە کە ئایا ئەمە پرۆسەیەکی جددييه یاخود پرۆسەیەکی ناجددييه؟ پێوەر بۆ ئەوەی جددييه یان جددى نییە زانراوە، واتە پێوەرەکانیش ئاشکران. خۆم لە ڕووی کەسییەوە لە ديدارهكانم لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغان، تەنانەت ئەو کاتەی من لەگەڵ جەنابیان کۆبوونەوەم نەکردبوو، بە تەواوەتی تێنەدەگەیشتم لەوەی کە جددييه یان نا، بەڵام بەڕاستی لەم دوو ساڵەی ڕابردوودا ئەوەی لە سەرۆک ئەردۆغانم دیوە، ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەکی جددييه. ئەوەی من لە ئیمراڵیشم دیوە و ئەوەی کە بیزانم و ئاگادار بم لەلایەن سەرۆک عەبدوڵڵا ئۆجەلانیشەوە، ئەویش جددييه. برایانی ئێمەش لە دەم پارتی، ئەوان زۆر لەنێو بابەتەکەن و ئەوانیش بە جددی دەستیان داوەتە ئەم بابەتە. من پێموایە ئەم پرۆسەیە بە جددی بەرەو پێش دەچێت، بەڵام ڕەنگە گلەیی هەبێت لەوەی کە هەنگاوەکان خاون. بە ڕای من ئەوە زۆر ئاسایییە؛ پرۆسەیەک چل ساڵ کێشە، چل ساڵ شەڕ، چل ساڵ یەکتر نەخوێندنەوە، چل ساڵ نکۆڵیکردن، چل ساڵ بە نەتەوەیەک بڵێیت نیت، واتە ئەم چل ساڵە تۆ ناتوانیت هەموو ئەم کێشانە، پێشبینی ئەوە بکەیت هەمووی بە شەو و ڕۆژێک چارەسەر ببێت. بەڵام با سەیری پرۆسەکە بکەین؛ لە دوو ساڵدا ئەگەر هیچ نەکرابێت، ئەمە دوو ساڵە دایکان لەوێ جگەرسووتاو نەبوون و کەس نەکوژراوە. ئەمە کەم نییە. دوو ساڵە پرۆسەیەک هەیە، بە خاوی بەڕێوە دەچێت بەڵام شەڕ نییە. کەواتە جەنابت یەک شت بزانە؛ هیچ دەستکەوتێک نەبووبێت، هەر خودی ئەوەی کە تا ئێستا شەڕ نەبووە، تا ئێستا کوشتار نییە، تا ئێستا کێشە نییە، ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە. من ئەمە بە پرۆسەیەکی جددى دەبینم. هەنگاوەکان ڕەنگە زۆر بەو جۆرە خێرا نەبن وەک ئەوەی ئێمە پێمان خۆشە، بەڵام لەسەر ڕێڕەوێکی ڕاست و بە ئاراستەیەکی دروست دەڕوات. جا بۆ ئەوەی ئەوەشتان بۆ باس بکەم، بۆ ئەوەی بە سەرۆک ئەردۆغان بڵێم پرۆسەکە لای ئێمە جددييه و پێمان خۆشە، لە کۆبوونەوەیەکدا گوتم: "جەنابی سەرۆک، جیهان زۆر گۆڕاوە." پرسیاری کرد: "چی گۆڕاوە؟" گوتم: "جەنابت بیری لێ دەکەیتەوە، ئێمەی کورد ـ ئەو کاتە باخچەلی لە نەخۆشخانە بوو، نەخۆش بوو ـ گوتم ئێمەی کورد ئێستا نزا دەکەین و دەڵێین با تەندروستیی باخچەلی باش بێت!" گوتم ئەمە نیشانەی گۆڕانە، نیشانەی ئەوەیە کە ئێمە زۆر بە جددی سەیری ئەم پرۆسەیە دەکەین و هیوامان وایە بگاتە ئەنجام.
پرسیار: ڕۆڵی هەرێمی کوردستان چۆنە؟ چۆن یارمەتی دەدات؟
سهرۆك نێچیرڤان بارزانی: ڕۆڵی هەرێمی کوردستان، کاتێک دەڵێم هەرێمی کوردستان، باسی هەموو هەرێم دەکەم؛ واتە بە شێوەیەکی گشتی هەم لە هەولێر و هەم لە سلێمانی، ڕۆڵی ئێمە یارمەتیدەرە بۆ ئەو پرۆسەیە. ئێمە یارمەتیی ئەم پرۆسەیە دەدەین، ئەوەی کە لەسەر شانی ئێمە بێت، ئەوە نییە بڵێیت ئێمە بچین نێوبژیوانی بکەین، بەڵام ئەوەی کە پێمان گوتراوە بە هەردوولا، چ پێویستە لەسەر شانی ئێمە وەک هەرێمی کوردستان، ئێمە ئامادەین بیکەین و کردووشمانە. نامەوێت بچمە نێو وردەکارییەکان چی کراوە، باشترە نەچینە نێو وردەکارییەکانەوە؛ بەڵام ئەوەی پێویست بووە لەگەڵ ئەنقەرە و لەگەڵ قەندیل، ئەوەی کە پێویست بووە لەسەر شانی هەرێم و حکوومەتی هەرێم بووە و لەسەر شانی ئێمە بووە، کردوومانە و بەردەوامیش دەبین لە هەنگاوەکانی خۆمان. جەنابتان دەزانن لە پەرلەمانی تورکیا یاساکە دەرچوو، ئێستا ئەمڕۆ یان دوێنێ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش لە تورکیا لەسەر ئەم بابەتەیە. ئێمە دەبێت پشوودرێژ بین لەگەڵ ئەم پرۆسەیە، پشوودرێژییەکی زۆریشمان دەبێ هەبێت، بەڵام ئەوەی کە دەمەوێت بیڵێم، پێموایە لە ڕێچکەیەکی ڕاستی خۆیدا بەرەو ئەو ئاراستەیە دەڕوات کە کێشەکان چارەسەر بکرێن.
پرسیار: ئەگەر کێشەکان چارەسەر ببێت، چ دەستکەوتێکی بۆ هەرێمی کوردستان تێدایە؟
سهرۆك نێچیرڤان بارزانی: دەستکەوتی یەکجار زۆرە. سیاسەتی هەرێمی کوردستان وەک بنەما ئەوەیە ئەم کێشانە دەبێت هەر وڵاتێک بەپێی تایبەتمەندیی خۆی، لە چوارچێوەی ئەو وڵاتە و جوگرافیای ئەو وڵاتەی کە کورد تێیدا دەژین چارەسەر بکرێت. بە دڵنیایییەوە ئەگەر ئەمە چارەسەر ببێت، بە ڕای من بۆ هەرێمی کوردستانیش قۆناغ و سەرەتایەکی نوێ دەست پێ دەکات، هەم لە پەیوەندیی خۆی لەگەڵ تورکیا لە هەموو ڕوویەکەوە و هەم سەبارەت بە هاوسۆزی و پشتیوانییش بۆ براکانمان لە تورکیا.
پرسیار: کەواتە ڕەهەندێکی بۆ هەرێمی کوردستانە و ڕەهەندێکی بۆ خودی تورکیایە؟
سهرۆك نێچیرڤان بارزانی: ڕەهەندێکی بۆ هەرێمی کوردستانە و ڕەهەندێکی بۆ خودی تورکیایە. ـ با ئەوەش زیاد بکەم ـ تورکیاش دەچێتە قۆناغێکی زۆر گرنگترەوە. واتە ئەوە نییە بڵێیت تەنیا کورد، ئەگەر ئەم کێشەیە چارەسەر ببێت، تورکیاش لەم قۆناغەی ئێستا دەچێتە قۆناغێکی زۆر جیاواز کە بتوانێت ڕۆڵی سروشتیی خۆی لە ناوچەکەدا بگێڕێت. چونکە چارەسەری ئەم کێشەیە شتێکی کەم نییە، شتێکی زۆر گەورەیە و بەڕاستی شایستەی ئەوەیە ئەگەر کەسێک شایستەی ئەوە بێت خەڵاتی نۆبڵ وەربگرێت، دەبێت ئەو کەسە بێت کە ئەم کێشەیە چارەسەر دەکات. بە ڕای من یەکەم کەس جەنابی سەرۆک ئەردۆغانە.
پرسیار: ئەگەر ئەم پرۆسەی ئاشتییە بۆ هەرێمی کوردستان باش بێت، بۆ کورد لە تورکیا باش بێت، بۆ دۆزی کورد باش بێت و بۆ خودی تورکیاش باش بێت، لە بەرژەوەندیی کێدایە کە سەرنەکەوێت؟ بە لاڕێیدا ببات و کێ دەکرێت تێکی بدات؟
نێچیرڤان بارزانی: پرسیارێکی زۆر موحريجه! ئەگەر بوار هەبێت با وازی لێ بهێنین، بەڵام ئەوەی کە گرنگە، ئێمە هەموومان پابەندی ئەوە بین و یارمەتیدەر بین بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە سەرکەوێت و دەرفەت نەدەینە ئەو دەستانەی کە حەزیان لەوە نییە ئەم پرۆسەیە سەرکەوێت. ئەوانەی حەزیان لەو پرۆسەیە نییە سەرکەوێت ئەوانەن کە نەیاری کوردن، نەیاری خودی تورکیان، ئەوانەن کە حەز ناکەن.
پرسیار: لەم دوازدە مانگەی ڕابردوودا ئەگەر بچینە ڕۆژئاوا، ڕووداوی زۆر لە ڕۆژئاوا ڕوویان دا. هەڵسەنگاندنی جەنابت بۆ هەموو ئەو ڕووداوانە چۆن بوو، بەڵام لەوەش گرنگتر دەرئەنجامەکەی کە ئێستا لەگەڵیدا دەژین و نوێنەرانی ڕۆژئاواش لێرە ئامادەن، هەڵسەنگاندنت بۆ ئەوەی کە ئێستا پێی گەیشتوون چۆنە؟
سهرۆك نێچیرڤان بارزانی: خۆی بە هەڵسەنگاندنی من ئەوەی تاوەکوو ئێستا کراوە، ئەگەر مرۆڤ بە شێوەیەکی واقیعی سەیری بکات، دەستخۆشی و پیرۆزبایی ئەو کارانە دەکەم کە لە ڕۆژئاوا بۆیان ئاسان نەبوو ئەوەی کە کردوویانە، بەڵام واقیعبین بوون. تێگەیشتنیان تێگەیشتنێکی واقیعی بوو لە دۆخەکە و ڕەنگە لەمە زیاتر نەدەکرا بەڕاستی لەوەی کە کردوویانە. سروشتییە وەک باسم كرد، بۆ نموونە ناتوانیت مۆدێلی هەرێمی کوردستانی عێراق لە سووریا جێبەجێ بکەیت. زۆر جیاوازی هەیە؛ جوگرافیاکە جیاوازیی هەیە، تێکەڵاویی کۆمەڵایەتی جیاوازیی هەیە لە سووریا. ناتوانیت ئەم مۆدێلە لەوێ جێبەجێ بکەیت. لە سەردانم بۆ سووریا، ئەوەی کە چوومە سووریا و ئەوەی لە سەرۆکی سووریا سەرۆک ئەحمەد شەرع بینیم، ئەوە نییە دژایەتیی کوردیان هەبێت بەڕاستی؛ ئێمە زۆر لەسەر ئەم بابەتە قسەمان کرد. ئێمە ئێستا هەنگاوەکانی کە دەیبینین بۆ تێکەڵکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان، دەبینین ئەم پرۆسەیە بە باشی بەڕێوە دەچێت. لەسەر پرسی خوێندن کە زۆر گرنگ بوو بۆ هاوڕێیان لەوێ و بۆ کورد گرنگە، لەوەشدا پێشکەوتن هەیە. بەڵام بە ڕای من، ئێمە ئەو کاتە دەتوانین بڵێین پێشکەوتنی تەواو هەیە کە ئەم مافانە لە دەستووری هەمیشەیيی سووریادا جێگیر بکرێن؛ مافی کورد و مافی پێکهاتەکانی تر. سووریا تەنیا وڵاتێکی عەرەبی نییە؛ سووریا وڵاتێکە عەرەبی لێیە، کوردی لێیە، درووزی لێیە، عەلەویی لێیە. ئەوەی گرنگە، ئەوەیە مافی ئەم پێکهاتانە لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوودا مسۆگەر بکرێت. کوردیش لەو چوارچێوەیەدایە. ئەوەی کە تا ئێستا لەوێ بە هەوڵی برایان کراوە، شتێکی باشە. دیسانەوە ئەوەی گرنگە، یەکگرتوویيی گوتاری کوردە لەوێ بە هەموویانەوە، بە هەموو هێزە سیاسییەکانەوە، لە دیمەشق زۆر گرنگە گوتارێکی یەکگرتوویان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانن لە دەرئەنجامدا مافەکانی کورد لە دەستووری هەمیشەیيی سووریادا جێگیر بکرێت. تێڕوانینم لەسەر ئەم سیستەمەی ئێستا سووریا بەڕێوە دەبات و بە دیاریکراوی سەرۆک ئەحمەد شەرع ئەوەیە کە بەڕاستی دەیانەوێت کێشەکان چارەسەر بکەن.
پرسیار: ئەم خاڵەی باست کرد گرنگە، چونکە جەنابت بەوە ناسراویت کە کەسایەتییەکان دەناسیت، خەڵک دەخوێنیتەوە. کە دەڵێیت سەرۆکی سووریا گرێی لەگەڵ پرسی کورددا نییە، بە ڕای من ئەمە هەڵسەنگاندنێکی گرنگە.
سهرۆك نێچیرڤان بارزانی: کاکە، هەر لە ڕووی سيمبۆليكهوه ئەو پەیامەی ئەو ناردی، هەر خودی پرۆتۆکۆڵی پێشوازیکردن لە ئێمە، دەیویست پێم بڵێت کە من هیچ گرێیەکم لەگەڵ کورددا نییە. ئێمە لە فڕۆکەخانەی دیمەشق دابەزین، بە نامەیەک کە خودی سەرۆک ناردبووی بە کوردی بەخێرهاتنی کردین. لە هەموو شوێنەکان ئاڵای کوردستان و عێراق هەبوو. دەیویست پەیامێک بدات، تەنانەت لیستی خواردنەکەش بە کوردی نووسرابوو؛ مەبەستی بوو بڵێت من گرێم نییە، دەمەوێت و پێشم وایە لێکگەیشتن هەیە. بەڵام بێگومان ئەوانیش کێشەکانی خۆیان کەم نییە؛ سووریایەکی ئاسان نییە، سووریایەکی زۆر سەختە، سووریایەکی وێرانە. بنیاتنانی سووریا لە هەموو ڕوویەکەوە کاتی دەوێت. دڵخۆشم بەوەی برایانی ئێمە لە سووریا، کاک مەزڵووم و هاوڕێیانیان و ئەوانی تر، بە واقیعی سەیری بابەتەکەیان کرد. مرۆڤ هەندێکجار ئاوات دەخوازێت، بەڵام هەندێکجار واقیعێک هەیە دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکەیت. ئەوان مامەڵەیان لەگەڵ واقیعی شتەکەدا کرد و ئەم واقیعبینییە لە کێشەکاندا بە ڕای من بۆ کورد زۆر زۆر گرنگە. با بە کەمی نەزانین، با بەبێ بایەخ سەیری نەکەین، با بزانین شتێکی گرنگ بوو ئەوەی کردیان لە وڵاتێکدا کە ناسنامەیان بە کورد نەدەدا و کوردیان بە هاووڵاتیی سووری لەقەڵەم نەدەدا. ئێستا تۆ بێیت نزیکەی 13 هەزار کەس لەنێو سوپای سووریادا جێگەیان بکەیتەوە، 17 هەزار کەس وردە وردە لەنێو دەزگا ئەمنییەکاندا بن، پرسی خوێندن تاوتوێ بکرێت کە چۆن دەتوانن بخوێنن، ئەمانە هەموویان شتی زۆر جددی و پێشکەوتنن و دەبێت وەکوو خۆیان بیبینین.
پرسیار: ئەم هەڵسەنگاندنە گرنگە، چونکە لە ڕاگەیاندنی کوردیدا هەندێکجار گلەیی دەکرێت کە ئەم دەستکەوتانە کەمترن لە ئاستی قوربانیدان و خەبات و ئەو شەهیدانەی کە لە ڕۆژئاوا دراون. بەڵام ئەم هەڵسەنگاندنەی جەنابت جەخت لەسەر واقیعبینی دەکاتەوە. خاڵێکی دیکە، گوتت دۆخی هەرێمی کوردستان لە عێراق جیاوازە لە دۆخی ڕۆژئاوا لە سووریا. دەمەوێت دوو پرسیار بکەم: یەکەم، ڕۆژئاوا چی لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان فێر ببێت؟ دووەم، چین ئەو هەڵانەی کە ئێمە کردوومانە تاکوو ئەوان دووبارەی نەکەنەوە؟
سهرۆك نێچیرڤان بارزانی: پێشتریش لەگەڵ ژەنەراڵ مەزڵووم ئەم قسانەم کردووە، پێم گوتووە لە هەندێک شت لە ئێمەوە فێر ببن. ئێمە هەندێک هەڵەمان کردووە، دەبێت دان بەوەدا بنێین کە هەڵە بووە، لە ئێمە فێر بن ئەو هەڵانە مەکەن. پێویست ناکات نموونە بهێنمەوە، بەڵام پێم گوتووە و لەگەڵیدا هاوڕا بووین کە دەبێت واقیعبین بن. تەنیا یەک شت دەڵێم: کورد لە هەر شوێنێک کە دەژی، بە واقیعبینی سەیری دۆخی خۆی بکات لەو وڵاتانەی کە تێیدا دەژی؛ تا چەند پێی دەکرێت؟ ئەو سنوورە چەندە؟ ساڵی 2005، ئایا ئەو دەستوورەی عێراق شتێکی کەم بوو بۆ کورد؟ نەخێر. ئەگەر سەیری مێژووی عێراق بکەیت، ئەو دەستوورەی کە دانی بە مافەکانی کورددا نا، بە ماندووبوونی هەموو لایەک بەتایبەتی جەنابی ڕەوانشاد سەرۆک مام جەلال و بە تەمەندرێژيی جەنابی سەرۆک بارزانی، ئەوەی کە کرا کەم نەبوو، هێزە سیاسییەکانیش هەموویان پشتیوان بوون. بەڵام کاتێک جەنابی سەرۆک گەڕایەوە و پرسیاریان لێ کرد، گوتی: "ئەمە هەموو خواستی ئێمە نییە، بەڵام ئەوەی دەستمان کەوتووە کەم نییە، گەورەیە." لە قۆناغێک ئێمەی بردە قۆناغێکی جیاواز و ئەم بەڵگەنامەیە هەیە و گەلی عێراق دەنگی بۆ داوە و لە دەستووری هەمیشەیيی عێراقدا چەسپێنراوە. ئەمە ئەو واقیعییەتەیە کە کورد لە هەر شوێنێک کە دەژی دەبێت بەپێی بارودۆخی ئەو وڵاتە سەیری بکات.
پرسیار: بچینە سەر ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ جەنگی ئەم بەهارە، ئەو شەڕەی لەم بەهارەدا ڕووی دا دەنگوباسی ڕۆژهەڵاتی کردە بابەتێکی نێودەوڵەتی. هەندێک دەڵێن بەشدارینەکردنی لایەنە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لەم جەنگەدا دەرفەتێک بوو لە دەستیان چوو، هەندێکیش دەڵێن نەخێر، کارێکی باش بوو نەکرا، چونکە لەوانەیە هەم ڕۆژهەڵات زیانی بەربکەوتایە، هەم هەرێمی کوردستانیش ئاگری تێبەربووایە. جەنابت چۆن لەم دوو بۆچوونە دەڕوانیت؟
سهرۆك نێچیرڤان بارزانی: لەم بابەتەدا حەز دەکەم زۆر ڕاشکاو و ڕوون بم: هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ڕۆژهەڵات زۆر بەداخەوە زۆر نابەرپرسانە ڕەفتاریان کرد، هەرێمیشیان خستە بەردەم دۆخێکی زۆر خراپەوە. ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەیانکرد و باسیان دەکرد، وەک بڵێیت ئەوا ئەم هێزانە بەڕێکەوتن بۆ نێو ئێران، هەرێمیان خستە بەردەم مەترسییەکی زۆر گەورە و زۆریش نابەرپرسانە ڕەفتاریان کرد بەرامبەر بە هەرێمی کوردستانی عێراق. ئێمە لە دەستپێکردنی شەڕەکەدا سیاسەتی خۆمان ڕوون بوو؛ بەردەوام لەگەڵ سلێمانی، برام کاک قوباد لێرەیە و لەگەڵ کاک بافڵ، بەردەوام ڕۆژانە لەسەر هێڵ بووین. ئەوەی سیاسەتی ئێمە بوو ئەوە بوو کە نابێت هەرێم ببێتە بەشێک لەم شەڕە. شەڕەکە شەڕی ئێمە نەبوو، ئێران وڵاتێکی دراوسێیە و نزیکەی 600 کیلۆمەتر سنوورمان لەگەڵیدا هەیە. نەدەکرا و ناشکرێت هەرێمی کوردستان ببێتە شوێنێک بۆ ئەوەی هەڕەشە لە ئێران بکرێت. ناکرێت تۆ هێزێکی چەکدار بیت لە هەرێمی کوردستان و هەرێم وەک شوێنێکی ئارام بۆ خۆت ببینی و لە هەرێمەوە هەڕەشە لە وڵاتی دراوسێ بکەیت. ئەمە نە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی ڕێگەپێدراوە، نە بەپێی یاسا و دەستووری عێراق ڕێگەی پێدراوە و تەنانەت ئەگەر لە بەرژەوەندیی کوردستانیش بووایە هەر نەدەبوو بکرێت. ئەوانە بەداخەوە خۆیان کردبووە پاڵەوانی جەنگ، بەڵام ئێمە هەر لە دەستپێکەوە دەمانزانی ناکرێت. دیدگای ئێمە لەسەر ئەم بابەتە ڕوون بوو، وەک یەکێتی و پارتی لە ڕۆژی یەکەمەوە سنوورەکانمان کۆنترۆڵ کرد و هێزمان نارد و ڕوونمان کردەوە کە ڕێگە نادەین لە هەرێمەوە هیچ هەنگاوێک بنرێت.
پرسیار: لە پەیامەکانی کاک بافڵیش پێشتر ئاماژە بە هەمان شت کرا، ئێستا دیارە لە پرسە ستراتیژییەکاندا هاوڕان لەسەر پاراستنی ئەم ئەزموونە.
سهرۆك نێچیرڤان بارزانی: لەسەر پرسە ستراتیژییەکان ئێمە لە بەغدا و لەم بابەتە ستراتیژییە، ئەم شەڕە ئەزموونێکی زۆر گرنگ بوو، بەڵام لەو ئەزموونەدا ئێمە زۆر بە سەرکەوتوویی لێی دەرچووین بەو هەماهەنگییەی کە لەنێوانماندا هەبوو. سەرەڕای ناکۆکییەکان و هەموو کێشەکان، بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان پێکەوە کارمان کرد.
پرسیار: دەرفەت بۆ ڕۆژهەڵات چییە؟
سهرۆك نێچیرڤان بارزانی: دەرفەت بۆ ڕۆژهەڵات بە ڕای من دێتە پێش. ئێمە پێشتریش هەوڵمان داوە و لەم بابەتە بێدەنگ نەبووین، بەڵام وەک گوتم لە هەر وڵاتێک دەبێ بەپێی تایبەتمەندیی خۆی بێت. ئێمە لە هەموو کۆبوونەوەکانمان لە تاران، بەشێک لە گفتوگۆکانمان لەسەر ئەم بابەتەیە.
پرسیار: چی دەڵێن دوای ئەم شەڕە؟ ڕای تاران دوای ئەم شەڕە گۆڕاوە لەسەر دۆخی کورد لە ڕۆژهەڵات؟
سهرۆك نێچیرڤان بارزانی: من وا دەزانم ڕەنگە هێشتا بە تەواوەتی پێ نەگەیشتبێت، بەڵام ئەگەر پرسیارەکە ئەوە بێت ئایا بیری لێ دەکرێتەوە، بە بڕوای من زۆر بە جددی بیری لێ دەکرێتەوە. پێشنیازی من ئەوەیە کە پرسی کورد پرسێکی جددییە لەم وڵاتانە و بە فەرامۆشکردن و نکۆڵیکردن چارەسەر نابێت. دووەم، چارەسەری ئەم کێشەیە دەبێت بەپێی تایبەتمەندیی ئەو دەوڵەتانە بێت. ئێمە ناتوانین هیچ مۆدێلێک پێشنیاز بکەین و بڵێین بەپێی ئەم مۆدێلە لە ئێران یان لە تورکیا بیکەن، بەڵکوو دەڵێین بەپێی تایبەتمەندیی خۆتان لە نێوخۆی وڵاتەکەتاندا دەبێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت. سیاسەتی نکۆڵیکردن ناتوانێت تا سەر بەردەوام بێت.
پرسیار: بێينه سەر عێراق؛ کشانەوەی هێزەکانی ئەمهریکا تا چەند مەترسیدارە؟ خەڵک ترسێکیان لە دڵدایە کە ئەگەر ئەمهریکا بکشێتەوە کێ هەرێمی کوردستان دەپارێزێت؟ هەڵوێستی جەنابت لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمهریکا چییە؟
نێچیرڤان بارزانی: پێموایە جەنابی سوودانی ئەو بابەتەی بە تێروتەسەلی باس کرد، بەڵام با منیش ڕای خۆم بڵێم: یەکەم، هێزەکانی ئەمهریکا و هێزەکانی تر لە ساڵی 2014دا کاتێک داعش هات، لەسەر داواکاریی فەرمیی دەوڵەتی عێراق هاتن، بە نووسراوێکی فەرمی هاتن و یەکێک لە مەرجەکانی عێراق ئەوە بوو کە ئەم هاوپەیمانییە ئەمهریکا سەرکردایەتیی بکات. لە ساڵی 2014وە تا ئێستا گۆڕانکاریی زۆر ڕوویانداوە. زۆر ئاسایییە عێراق ئەمڕۆ دوای نزیکەی 10 بۆ 12 ساڵ پێویستی بە هاوپەیمانێتییەکی ئەوەندە گەورە نەمابێت، چونکە ئەم ناوە متمانە ناهێڵێت و وا دەکات خەڵک متمانەی بە عێراق نەبێت و نەیەن وەبەرهێنان لە عێراقدا بکەن. عێراق پێویستی بەوەیە سەروەریی خۆی هەبێت، بەڵام پێویستە وڵاتەکە پەیوەندیی دووقۆڵیی لەگەڵ ئەم وڵاتانەدا هەبێت بۆ هاوکاریی ئەمنی. ئێمە سوپاسی ئەو هێزانە دەکەین کە هاتن و هاوکارییان کردین، بەڵام ئەمڕۆ عێراق گەیشتووەتە قۆناغێک کە دەتوانێت ڕووبەڕووی ئاستەنگەکان ببێتەوە. سەبارەت بە پاراستنی وڵات: یەکەم، عێراق و هەرێمی کوردستان پێویستییان بە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی هەیە. تا ئەو جێگەیەی من ئاگادارم، لەنێوان عێراق و ئەمهریکا ڕێککەوتنێک هەیە و نزیکەی 52 خاڵ لە عێراقدا دەستنیشان کراون بۆ دانانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی کە هەرێمی کوردستانیش لەنێو ئەو سیستەمە دایە؛ چونکە هەموو عێراق پێویستی پێیەتی. دووەم، دەبێت پرسی چەک تەنیا بە دەستی دەوڵەتەوە بێت. ناکرێت لە عێراقەوە هەڕەشە لە دەوڵەتانی دراوسێ و هەرێمی کوردستان بکرێت. ئەمە سەرەتای سەروەرییە: چۆن دەبێت چەکێک هەبێت لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت؟ لەسەر زەوی ئەوەی داعشی تێکشکاند سوپای عێراق، پێشمەرگە و حەشدی شەعبی بوون کە قوربانییان دا و خوێنیان بەخشی. ئێستاش پێشمەرگە و گەلی کوردستان ئامادەی بەرگریکردنن لە خاکەکەیان. بەڵام گرنگترین فاکتەر بۆ پاراستنی هەرێم، لە تەنیشت هێزی بەرگریی ئاسمانی، بریتییە لە دیپلۆماسیەت و دیالۆگی دروست و رێککەوتن لەگەڵ دەوروبەر.
پرسیار: زیاتر لە بیست ساڵە جەنابت دانوستاندن لەگەڵ بەغدا دەکەیت، چ شتێک لەم ئەزموونەدا فێر بوویت کە ساڵی 2005 نەتزانیبێت؟
سهرۆك نێچیرڤان بارزانی: لە ساڵی 2005دا ئێمە بە ئاوات و هیوایەکی زۆرەوە دەستوورمان نووسی بۆ عێراقێکی فیدراڵ و دیموکراسی کە بنەماکەی هاووڵاتیبوون بێت، نەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان بەڵکوو بۆ هەموو عێراق. دەستوورێکمان نووسی کە پێمان وابوو عێراق لە قۆناغێکەوە دەباتە قۆناغێکی زۆر جیاواز. ئەوەی لێی فێر بووین ئەوەیە کە کێشەی سەرەکی جێبەجێنەکردنی دەستوورە. کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا کەسی نییە، خهتاى فڵانه سهرۆكوهزيران يان كهسێكى تر نييه، بەڵکوو مهسهلهكه سیستەمی بەڕێوەبردنی عێراقە. بە ناونیشان سیستەمێکی فیدراڵمان هەیە، بەڵام بهڕاستى لە ناوەڕۆکدا سیستەمەکە فیدراڵی نییە، بەڵکوو کۆمەڵێک یاسای کۆنی سەردەمی پێشوومان هەیە کە وەزیرەکانی عێراق ناچار دەکەن بەپێی ئەو یاسایانە مامەڵە لەگەڵ هەرێمدا بکەن. كهواته دهمهوێ ئهوه بڵيم ئهگهر ئێمه عێراقێكمان دهوێت كه ههموومان به ئارامى تێیدا بژين، به جێبهجێکردنى دهستوور دهبێت. کلیلی کێشەکە بریتییە لە جێبەجێکردنی دەستوور؛ دەستوور بەو مانایەی کە هەم ئەرکمان هەیە و هەم مافمان هەیە. وڵاتهكه پێى دهڵێن وڵاتێكى فيدراڵى، گرنگه گفتوگۆيهكى جددى دهست پێ بكرێت بۆ جێبهجێكردنى دهستوور، ههموو دهستوور جێبهجێ بكرێت، بهڵام ئەولەوییەتەکانیش دیارن: دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامانی سروشتی و داهاتەکان و دادگای فیدراڵی. ئەگەر یاسای نەوت و گاز و دابەشکردنی داهات هەبێت، زۆر جار دهڵێن بابهتى كهركووك زۆر گرنگه، ئهوه ڕاسته و لێره ئهم گفتوگۆيه ناكهم، بهڵام ئێمه ئهگهر ياساى نهوت و گازمان ههبێت، ياساى داهاتهكان ههبێت، ئهوسا كێشه له ناوچه جێناكۆكهكانيش زۆر كهم دهبن. بابهتى دادگاى فيدراڵى زۆر گرنگه بۆ عێراق. ئهگهر عێراقێكمان دهوێت كه ههموومات تێيدا ههست به هاووڵاتيبوون بكهين، به ڕاى من كليلى بابهتهكه دهستووره.
پرسیار: لە هەرێمی کوردستان دوای هەڵبژاردنەکان، کەمێک بێئومێدی دروست بووە لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێ، دەستپێشخەریی جەنابت بۆ نزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتی و پێکهێنانی حکوومەت چییە؟
سهرۆك نێچیرڤان بارزانی: ڕاستە ماوەیەکی زۆرە، پێموایە ژمارەی پێوانەییمان تۆمار كرد لە بەلجیکا زياتريش دواكهوتين له پێکهێنانی حکوومەتدا، ئەمەش شتێکی خراپە. گەلی کوردستان متمانەیەکی گەورەی دا بە هێزە سیاسییەکان و بەشداریی هەڵبژاردن نزیکەی 72% بوو، ڕێژهيهكى زۆر بهرزه، ئەم دەنگانە ئەمانەتن، ئهمانهتى ئهم ميللهتەن. ئەم سیستەمەى دهنگدان و ديموكراسى بە خواستى خۆمان دامەزراوە و کەس بەسەریدا نەسەپاندووین. لهو ماوهيهشدا كه حكوومهت پێكنههاتووه، جێی دڵخۆشییە لەسەر ئەو پرسانەی پەیوەندییان بە پرسە ستراتیژییەکانەوە هەیە، تێڕوانینی هەردوو لایەنی پارتی و یەکێتی لێک دوور نین و لەیەکترەوە نزیکن. من لەڕووی کەسییەوە بەردەوام بەم پرسەوە سەرقاڵم؛ بيستم كاك بافڵ گوتوويهتى ئێمه له ناوهڕاستداين، منيش داكۆكى له ههمان بۆچوون دهكهمهوه. هەفتەی پێشوو هەندێک کۆبوونەوەی باشمان کرد، چاوەڕوانین ئەم هەفتەیەش، يان ههفتهى داهاتوو کۆبوونەوەی دیکەی باش بکەین بۆ ئەوەی بگەینە چارەسەرێک بۆ پێکهێنانی حکوومەت.
پرسیار: لە ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی ئاکسیۆسدا باس لەوە کرا کە جەنابت نێوەندگیریت لەنێوان تاران و واشنتندا کردووە. لەسەر ئەم باسە چیمان پێ دەڵێیت؟
سهرۆك نێچیرڤان بارزانی: هەندێکجار لە دیپلۆماسیەتدا دەکرێت لە ڕێگەی دیکەشەوە کارەکان بکرێن. ئەوەی لەو ڕاپۆرتەدا باسی لێوە کرا تا ڕادەیەکی زۆر ڕاست بوو. نامانەوێت زیاد لە قەبارەی خۆمان قسە بکەین، بەڵام ئەو ڕۆڵەمان بینی. بابەتەکە لە واشنتن بە سوپاسەوە وهرگيرا و سوپاس كه لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانیشەوە وەڵامدانەوەیەکی زۆر باشیان هەبوو بۆ دەستپێشخەرییەکە.
پرسیار: پەیامت بۆ گەنجان چییە بۆ دە بۆ بیست ساڵی داهاتوو، چییان پێ دەڵێیت تاوەکوو دڵیان بەم خاک و نیشتمانە خۆش بێت؟
سهرۆك نێچیرڤان بارزانی: با سەیری مێژوو بکەین کە لە کوێوە هاتووین و گەیشتووینەتە کوێ. ئەم گەلە لە نەهامەتی، ماڵوێرانی، کیمیاباران و دەربەدەرییەوە هاتووەتە ئەمڕۆ. ئێمه به باش و خراپهوه گهياندوومانهته ئهمڕۆ. قسەی من بۆ گەنجان ئەوەیە: تکایە ئەم دەستکەوتانە بە کەم مەبینن، چونکە ئێوە لە سەردەمی ئەو ئازار و ڕۆژگارە سەختانەدا نەژیاون کە نەوەکانی پێشتر پێیدا تێپەڕین. ئەمە ئەمانەتێکی زۆر گەورەیە و گەنجان دەبێت لێرەوە ئەم ئەمانەتە وەربگرن و بەرەو باشتر بیبەن. مەرج نییە هەرچی ئێمە کردوومانە دروست بووبێت؛ لەم کاروانەی پەنجا و شەست ساڵەدا هەڵەش کراوە، بەڵام گرنگ پاراستنی ئەم ئەزموونەیە. خۆشەویستی و دڵسۆزييه بۆ خاک و نیشتمان. لە هەر ماڵێکی ئەم نیشتمانەدا چیرۆکێکی پڕ لە ئازار و قوربانیدان هەیە. ئەوەی ئەمڕۆ هەمانە دەبێت بە هەموو کەموکووڕییەکانییەوە قەدری بزانین. داوا لە نەوەی نوێ دەکەم بە دیدگایەکی نوێوە ئەم کاروانە بەرەو پێش ببەن؛ ئەمڕۆ سهردهمى زانست، ژیریی دەستکرد و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیایە، دەبێت گەنجانی ئێمە خۆیان بۆ ئەو قۆناغە ئامادە بکەن. کاتێک ئەم گەنجانە دەبینم ئومێدێکی زۆرم لا دروست دەبێت کە لە بەرپرسیارێتيی سهرشانيان تێدهگهن و دهزانن دهبێ چى بكهن. دڵنیام زۆر لە ئێمە باشتر دەتوانن خزمەتی وڵاتەکەیان بکەن.
پێشكهشكار: زۆر سوپاسى جەنابتان دهكهم، دەستت خۆش بێت.
سهرۆك نێچیرڤان بارزانی: زۆر سوپاس، دەستی ئێوەش خۆش بێت.