Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی ده‌ستخۆشیی له‌ ئیداره‌ی زاخۆ کرد

2024-09-15T14:57:00.000000Z
هه‌واڵ

له‌ بەردەوامیی سه‌ردانه‌كه‌يدا بۆ زاخۆ، پاشنیوەڕۆی ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 2024/9/15 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان گوهدار شێخۆ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و به‌رپرسانی فەرمانگە و یەکە کارگێڕییەکانی ئیدارەکە كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێزان سه‌رپه‌رشتيار و به‌رپرسانى ئيداره‌ى زاخۆ، پوخته‌يه‌كيان ده‌رباره‌ى كار و پرۆژه‌ و چالاكييه‌كانيان و ڕەوشی کارگێڕی و خزمەتگوزارییەکان له‌ناو شارى زاخۆ و سنوورى ئيداره‌كه‌ بەگشتی خسته‌ڕوو، هه‌روەها باسيان له‌ پلانى كار و پرۆژه‌كانى داهاتوويان كرد.

لاى خۆيه‌وه‌ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەستخۆشيی لە به‌ڕێزان سەرپەرشتیار و بەرپرسانی ئیدارەکە کرد کە سەرباری قەیران و گرفته‌كان، توانیویانە دەڤەرەکەیان لە هەموو ڕوویەکەوە پەرەپێبدەن، هه‌روه‌ها هه‌موو پشتگيرييه‌كى بۆ سه‌رخستنى كار و ئه‌ركه‌كه‌كانيان دووپات كرده‌وه‌.

سەبارەت به‌ هەڵبژاردنی په‌رله‌مانى كوردستانيش کە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو، بەڕێز سەرۆکی هەرێمى كوردستان، هیوای خواست پرۆسەکە سەرکەوتووانە بەڕێوەبچێت و جەختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هەموو لایەک پابەندی ڕێنماییيه‌ یاساییيەکان و هێمن ڕاگرتنی بانگەشەی هەڵبژاردن بن.