Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سوپاسى باڵيۆزى هيندستان ده‌كات

2024-09-04T09:11:00.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

به‌يانيى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2024/9/4 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، بە مەبەستی كۆتاييهاتنى ئه‌ركه‌كه‌ى، پێشوازیی له‌ به‌ڕێز پراشانت پيسێ، باڵيۆزى هيندستان له‌ عێراق كرد.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاس وپێزانينى هه‌رێمى كوردستانى پێشكه‌ش به‌ به‌ڕێز پيسێ كرد بۆ ئه‌رك‌ و هه‌وڵه‌كانى له‌ ماوه‌ى كاركردنیدا له‌ عێراق له‌پێناو بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا، هه‌روه‌ها هيواى سه‌ركه‌وتنى له‌ ئه‌ركى نوێيدا بۆ خواست.

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز باڵيۆزى هيندستان سوپاسى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و لايه‌نه په‌يوه‌نديداره‌كانى هه‌رێمى كوردستانى كرد بۆ ئه‌و پشتگيرييه‌ى له‌ سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كه‌يدا لێى كراوه‌، هه‌روه‌ها خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ به‌رده‌واميى به‌ره‌وپێشبردنى په‌يوه‌ندييه‌كان و هاريكاريى هاوبه‌ش له‌ هه‌موو بواره‌كان له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا، دووپات كرده‌وه‌.

له‌ ديداره‌كه‌دا كه‌ به‌ڕێز كونسوڵى گشتيى هيندستان له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوو، دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان، تاوتوێ كران.