
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025/7/24 بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، وێڕای پەیوەندييهكانى هەرێمی کوردستان و فەرەنسا و چۆنیەتیی پەرەپێدانیان، پێشهاتە سیاسی و ئەمنیيەکانی ناوچەکە و ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و مەترسییەکانی تیرۆر، خرانە ڕوو. هەروەها دۆسیەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە و پرۆسەی چاوەڕوانکراوی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، تاوتوێ کران.
بەڕێز جێگری سەرۆک، جەختی لە گرنگیی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا کردەوە و ڕۆڵی فەرەنسای لە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و هاریکاری و هاوکارییە سەربازییەکانیان، بەتایبەتی لەڕووی مەشق و ڕاهێنانیانەوە بە پێشمەرگە، بەرز نرخاند.
کێشە هەڵواسراوەکانی هەولێر ـ بەغدا، ڕووداو و پەرەسەندنەکانی سووریا و گرژی و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو، تیایدا، بیروڕا لەبارەی لێکەوتەکانیان بەسەر ناوچەکەوە، ئاڵوگۆڕ کرا.
