Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا دۆخی ناوچه‌که‌ تاوتوێ ده‌که‌ن

2026-03-16T17:52:00.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

ئێواره‌ی ئەمڕۆ دووشەممە 2026/3/16، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ خاتوو ئورسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا ئەنجام دا.

لە پەیوەندییەکەدا، دوایین پێشهاتەکانی دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە و لێکه‌وته‌کانی شه‌ڕ، تاوتوێ کران. هەردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر هاریکاریی بەردەوام بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان، هه‌روه‌ها جەختیان لە گرنگیی پاراستنی سەقامگیری و چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان کردەوە.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی بۆ پشتگیریی بەردەوامی یەکێتیی ئەورووپا له‌ عێراق و هەرێمی کوردستان ده‌ربڕی، هه‌روه‌ها دووپاتی کرده‌وه‌ که‌ هه‌رێمی کوردستان به‌شێک نییه‌ له‌ ئاڵۆزییه‌کان و وه‌ک هه‌میشه فاکته‌ری ئارامی و سه‌قامگیری ده‌بێت.

لای خۆیەوە خاتوو ڤۆن دێر لاین ڕایگەیاند کە سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان جێی بایه‌خی یەکێتیی ئەورووپایه‌ و وەک هاوبەشێکی گرنگ لە ناوچەکەدا لێیان دەڕوانێت. هه‌روه‌ها پابه‌ندیی یه‌کێتیی ئه‌ورووپای به‌ به‌رده‌وامیی یارمه‌تیدانیان، دووپات کرده‌وه‌.