Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆك نێچيرڤان بارزانى و سەرۆك ئەردۆغان دۆخى ناوچەکە تاوتوێ دەکەن

2026-03-07T16:41:00.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

ئەمڕۆ شەممە 2026/3/7 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە بەڕێز ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە پێگەیشت.

تيايدا بە وردی تیشکيان خسته‌ سەر دۆخى ناوچەکە و ئەو ئاڵنگارییە مەترسیدارانەی له‌ ئه‌نجامى شه‌ڕدا هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌. هەردوولا هاوڕا بوون کە پەرەسەندنی گرژییەکان هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە له‌سه‌ر ئێستا و داهاتووى سەقامگیری دروست ده‌كات، بۆیە جەختیان لە پێویستیی گرتنەبەری ڕێگەچارەی سیاسی کردەوە بۆ ڕێگری لە تەشەنەکردنی ململانێکان و پاراستنی گەلان لە ماڵوێرانییەکانی شەڕ.

له‌ لايه‌كى تره‌وه‌ سەرۆک ئەردۆغان سوپاس و پێزانینی تایبەتی خۆی ئاراستەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کرد بۆ ڕۆڵی دیار و ئەرێنییان لە هاوکاری و پشتیوانیکردنی ئاشتی لە تورکیا. هه‌روه‌ها ئاماژەی بەوە دا کە ئەم هەڵوێستانە فاکتەرێکی بنەڕەتین بۆ چەسپاندنی تەبایی و پێکەوەژیانی گەلان و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا.

لای خۆیەوە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە کار بۆ ئارامی له‌ ناوچه‌كه‌دا دەکات و پشتگیری لە هەموو هەنگاوێکی ئاشتیخوازانە و دیالۆگ دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بە شێوەیەک کە ئاسایش و بەرژەوەندیی گشتیی گەلانی ناوچەکە بپارێزرێت.