
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 28/9/2025 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز موسەننا ئەلسامەڕائی سەرۆكی هاوپەیمانیی عەزم كرد.
لە دیدارێكدا دۆخی سیاسیی عێراق و هەڵبژاردنی گشتیی داهاتووی عێراق، پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا و دۆخی پێكهاتەكان لە عێراق، تاوتوێ كران.
هەردوولا جەختیان لە گرنگیی هاریكاریی هاوبەش و كاری پێكەوەیی لە نێوان تەواوی پێكهاتەكانی عێراق كردەوە كە ئارامی و سەقامگیریی وڵات دەپارێزێت.
هەردوولا هەروەها هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی چارەسەركردنی كێشەكانی وڵات بەتایبەتی كێشەكانی هەولێر ـ بەغدا.
لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا هەردوولا بەشداریی هێز و لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی عێراق لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بە پێویست زانی بۆ سەركەوتنی هەڵبژاردن و پرۆسەی سیاسی لە وڵات.